لە دهۆک ڕۆژانە 600 تۆن خاشاک جیا دەکرێتەوە
له دهۆك كارگهیهكی جیاكردنهوهی زبڵ و خاشاك ڕۆژانه زیاتر له 600 تۆن خاشاك جیا دهكاتهوه.
کارمەندانی کارگەی جیاکردنەوەی خاشاک بە سێ شیفت کار دەکەن و ڕۆژانە زیاتر لە 600 تۆن خاشاک جیا دەکەنەوە کە 23%ی لە پلاستیک پێک هاتووە و زیاتر بۆ دەرەوەی کوردستان دەنێردرێت و کار بۆ ئەوە دەکرێت کە کارگەیەک لە کواش دابندرێت بۆ دووبارە بەکارهێنانەوە(ڕیسایکڵ کردن)ی پلاستیک.
دیار سادق، بەڕیوەبەری کارگەی جیاکردنەوەی خاشاک گوتی: پلانمان وایە تا ساڵی داهاتوو کارگەیەکی (ڕیسایکلین)ی پلاستیک هەر لە کواش دابمەزرێنین ئێستاش بە هاوکاری ڕێکخراوی VNG هۆڵەندی، چاوەڕوانین ئەم کارگەیە بگاتە هەنگاوی کارکردن.
دیار سادق گوتیشی: هەموو ئامادەکارییەکمان کردووە و ستافەکەمان لە هۆڵەندا ڕاهێنانیان پێ کراوە بۆ ئەوەی ئەو کارگەیە لە کاتی ئامادەبوونیدا بە باشترین شێوە کار پێ بکەن.
حازم عەبدی، شارەزای ژینگەیی گوتی: ئەو دەستپێشخەرییە بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک زۆر گرنگە، پلاستیک ئێستا بە ڕێژەیەکی زۆر بەرز بەکاردێت بە تایبەتیش لە کوردستان."
حازم عەبدی ئاماژەشی دا "پلاستیک کارلێک لەگەڵ توخمەکانی نێو خاک دەکات و زیان بە کشتوکاڵ دەگەیەنێت و دەچێتە نێو لەشی ئاژەڵ و مرۆڤ و لە ئەنجامدا زیانی تەندروستییان دەگەیەنێت."
کارگەی جیاکردنەوەی خاشاکی دهۆک بەشێکی لە ساڵی 2011 دامەزراوە و بەشەکەی دیکەشی ساڵی 2015. ڕۆژانە 115 کارمەند کاری تیا دەکەن و 80%ی ئەو خاشاکە دووبارە بەکاردەهێنرێتەوە (ڕیسایکل دەکرێت) و 20%ەکەی دیکەش بە شێوازێکی زانستی ژێرخاک دەکرێت یان لەناو دەبرێت.
لە کارگەی جیاکردنەوەی خاشاکی دهۆک، ڕۆژانە زیاتر لە 23%ی پلاستیک کۆ دەکرێتەوە، و شارەزایانی ژینگە ئەمە بە مەترسی دەبینن بۆ ژینگە ئەگەر ڕێژەی بەکارهێنانی پلاستیک کەم نەکرێتەوە.
