وەزارەتی ناوخۆ پڕۆژەی پێگەیاندنی 100 ئافرەتی سەرکردە جێبەجێ دەکات
لە چوارچێوەی پلانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ برەودان بە توانای ئافرەتان و بەشداریکردنیان لە ناوەندەکانی بڕیار، وەزارەتی ناوخۆ پرۆژەیەکی تایبەت بە پێگەیاندنی 100 ئافرەت بۆ کاری سەرکردایەتی و وەرگرتنی پۆستی باڵا جێبەجێ دەکات.
پرۆژەکە بە ناونیشانی "پێگەیاندنی 100 ئافرەت بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی تواناکانیان لە پۆستە حکوومییەکان" بەڕێوە دەچێت. دواین قۆناغی پرۆژەکە لە پارێزگای دهۆک بوو، کە تێیدا 31 ئافرەت بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ بەشداربوون.
پێشتریش 69 ئافرەت لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و هەڵەبجە بەشداری هەمان خولیان کردووە، کە تێیدا وانە تیۆری و پراکتیکییەکان لەبارەی چەمکە نوێیەکانی سەرکردایەتی و گەشەپێدانی مرۆیی پێشکەش کراون.
ڤەگێر زێباری، نوێنەری وەزارەتی ناوخۆ ڕایگەیاند: ئامانجی سەرەکی لەم پرۆژەیە ئەوەیە کە ئەو ئافرەتانە لە ڕووی زانستی و لێهاتوویەوە ئامادە بکرێن، تا لە داهاتوودا بتوانن لە دامەزراوەکانی حکوومەتدا پۆست و پێگەی گرنگ و باڵاتر وەربگرن.
خەدیجە محەممەد، کە ماوەی 12 ساڵە بەڕێوەبەری ڕێگەوبانی دهۆکە و یەکێکە لە نموونە سەرکەوتووەکان، دەڵێت: ئافرەتانی ئێمە توانای ئەوەیان هەیە پۆستی زۆر باڵاتر بەڕێوە ببەن و سەرکەوتوو بن.
لای خۆشیانەوە بەشداربووانی خولەکە ئاماژە بەوە دەدەن، ئەم جۆرە پرۆژانە متمانەی زیاتریان پێ دەبەخشێت بۆ ئەوەی ببنە خاوەن بڕیار و باشتر خزمەتی کۆمەڵگە بکەن.
پرۆژەکە بە هاوکاریی ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان (لە وانە سەنتەری تەکنۆلۆژیا و ڕاهێنانی ئەورووپی - ETTC) جێبەجێ دەکرێت و بەشێکە لە ستراتیژیی حکوومەت بۆ زیاترکردنی ڕۆڵی ژنان لە کایەی کارگێڕی و سیاسیی هەرێمدا.
