پەرلەمانی تورکیا لەبارەی چوونی شاند بۆ ئیمراڵی ڕاگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە
پەرلەمانی تورکیا ئاشکرای دەکات، دیداری کۆمیسیۆنی هاودەنگیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە ئیمراڵی ئەرێنی بووە و ئەنجامی باشی هەبووە.
دووشەممە، 24ـی تشرینی دووەمی 2025، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا، دوای ئەوەی کۆمیسیۆنی هاودەنگیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کۆبووەوە، ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەنجامدانی دیدارەکەی پشتڕاست کردووەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە پرسی چەکدانانی پەکەکە و کشانەوەی لە تورکیا و ڕێککەوتنی 10ـی ئادار لەلایەن ئۆجەلانەوە تاوتوێ کراوە.
ڕاگەیەنراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، لە کۆبوونەوەکە ئەنجامی ئەرێنی بەدەست هاتوون بۆ یەکگرتنی کۆمەڵایەتیی، پتەوکردنی برایەتی و پێشوەچوونی پرۆسەکە بە ئاراستەیەکی ئەرێنی لە ڕووی هەرێمییەوە.
هاوکات جەخت لەوە کراوەتەوە کۆمیسیۆن لە قۆناغەکانی داهاتوودا بەردەوام دەبێت لەسەر هەڵوێستی پێداگرانەی خۆی بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی.
ئەمڕۆ دووشەممە، 24ـی تشرینی دووەمی 2025، بۆ دیداری عەبدوڵڵا ئۆجەلان بە هەلیکۆپتەر لە ئیستەنبوڵەوە بەرەو دوورگەی ئیمراڵی بەڕێکەوتن.
شاندی کۆمیسیۆن پێکهاتبوون لە گوڵستان کڵچ کۆچیگیت جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، فەتی یڵدز جێگری سەرۆکی گشتیی (مەهەپە )بە نوێنەرایەتی پارتەکەی و حوسێن یایمان لە ئاک پارتی.
هەینی 21ـی تشرینی دووەم، پەرلەمانی تورکیا بە دەنگی سێ لەسەر پێنجی کۆی ئەندامانی کۆمیسیۆنی هاودەنگی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی بڕیاریدا سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بکەن لە دوورگەی ئیمراڵی.
لە کۆمیسیۆنەکەدا 32دەنگی بەڵێ، 3دەنگی بێلایەن و 2دەنگی نەخێر هەبوون.
