پرۆژەی دووسایدکردنی ڕێگەی دهۆک-باعەدرێ بە ڕێژەی 73% تەواو بووە
پرۆژەی جووتسایدکردنی ڕێگەی دهۆک-باعەدرێ، کە یەکێکە لە پرۆژە ستراتیژییەکانی پارێزگای دهۆک، بەخێرایی کاری تێدا دەکرێت و پێش وادەی دیاریکراوی خۆی جێبەجێ دەکرێت. بەپێی نوێترین زانیارییەکان، ڕێژەی ئەنجامدانی پرۆژەکە گەیشتووەتە زیاتر لە 73%.
ئەم پرۆژەیە درێژییەکەی 26 کیلۆمەترە و ئامانجی قیرتاوکردن و بەجووتسایدکردنی ڕێگەکە بە کوالێتییەکی بەرزە. هاوکات 10 ئۆڤەرپاس و ئەندەرپاس (پرد و ژێرپرد) لە خۆ دەگرێت، کە بە مەبەستی ئاسانکاری بۆ هاتووچۆی گوندەکانی دەوروبەر دروست دەکرێن.
مونیرە ئەزوەر، ئەندازیاری سەرپەرشتیاری پرۆژەکە بە کوردستان24ی ڕایگەیاند: بەپێی پلانەکە دەبوو تا ئێستا ڕێژەی جێبەجێکردن 43% بێت، بەڵام بەهۆی کاری بەردەوام و خێرایی کۆمپانیاکە، ڕێژەکە گەیشتووەتە 73%.
ئاماژەی بەوەش دا، لە کۆی 10 ئۆڤەرپاس و ئەندەرپاسەکە، 5 دانەیان تەواو بوون و 2 دانەی دیکەش لە قۆناغی جێبەجێکردندان.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕی 135 ملیار و 500 ملیۆن دیناری بۆ ئەم پرۆژەیە تەرخان کردووە. لە مانگی ئابی ساڵی ڕابردوو دەست بە کارەکانی کراوە و ماوەی 3 ساڵ بۆ تەواوکردنی دیاری کراوە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت پێش وادەی خۆی تەواو بێت.
ڕۆژانە زیاتر لە 600 ئامێر و ئۆتۆمبێلی قورس و نزیکەی 1600 کرێکار بە شێوەی شەو و ڕۆژ کار لەم پرۆژەیەدا دەکەن.
تەواوکردنی ئەم پرۆژەیە ڕێگەی سەرەکیی نێوان هەولێر و دهۆک بەتەواوی دەکاتە دووساید. ئەمەش جگە لەوەی ماوەی گەشتکردن کورت دەکاتەوە، ڕۆڵێکی گرنگی دەبێت لە کەمکردنەوەی ڕووداوەکانی هاتووچۆ و دابینکردنی سەلامەتی بۆ شۆفێران.
