پەرلەمانتارێکی ئێران: ڕووسیا چەکی ئەتۆمی دەدات بە ئێران

کامەران غەزەنفەری، ئەندامی کۆمیسیۆنی کاروباری ناوخۆیی پەرلەمانی ئێران.
کامەران غەزەنفەری، ئەندامی کۆمیسیۆنی کاروباری ناوخۆیی پەرلەمانی ئێران.

کامەران غەزەنفەری، ئەندامی کۆمیسیۆنی کاروباری ناوخۆیی پەرلەمانی ئێران، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ کەناڵی تەلەڤزیۆنی  Iran24، گوتی: ڕووسیا ئامادەیە چەکی ئەتۆمیی ڕادەستی ئێران بکات.

غەزەنفەری، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە کاریگەریی ئەگەری دەرچوونی ئێران لە پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوکردنەوەی چەکە ئەتۆمییەکان (NPT) لەسەر ئابووری و ئاسایشی وڵات، ڕایگەیاند "دەرچوون لە NPT هیچ کاریگەرییەکی تایبەتی نابێت. ئێمە ساڵانێک پێش ئێستا پەیوەست بووین بەم پەیماننامەیەوە و چالاکییە ئەتۆمییەکانمان لە چوارچێوەی ئەو پەیماننامەیەدا دەکرد. ئێستا کە دەمانەوێت لێی دەربچین، هاوشێوەی ئەو وڵاتانەی پێشتر کشانەوەیان ڕاگەیاندووە، کێشەیەک دروست نابێت و بەبێ چاودێریی NPT بەردەوامیی بە بەرنامە ئەتۆمییەکەمان دەدەین."

ئەو پەرلەمانتارەی ئێران گوتیشی: چاودێرییە بەردەوامەکان و پشکنینە سیخوڕییەکان لە ناوەندە ئەتۆمییەکانماندا بوونەتە هۆی دزەپێکردنی زانیارییەکان بۆ دوژمنان و بەبێ ئەم چاودێرییانە، چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران ڕوونتر و پارێزراوتر دەبن.

غەزەنفەری، سەبارەت بە ئەگەری دژایەتیی چین و ڕووسیا بۆ دژایەتیی دەرچوونی ئێران لەم پەیماننامەیە، گوتی: نەخێر، وا نییە. بە پێچەوانەوە چین و ڕووسیا لەگەڵمان هاوڕان کە لەم بوارەدا بەهێز بین. هەر لەم ماوەیەدا میدڤێدێڤ، جێگری ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا، ڕایگەیاند "کۆماری ئیسلامیی ئێران، چەکی ئەتۆمیی نییە، بەڵام وڵاتانێک هەن ئامادەن ئەو جۆرە چەکە بخەنە بەردەستی ئێران." بە واتایەکی دیکە، میدڤیدێڤ، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ گوتی ئێمە ئامادەین چەکی ئەتۆمی بە ئێران بدەین.

ئەندامی کۆمیسیۆنی کاروباری ناوخۆیی پەرلەمانی ئێران، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: کۆریای باکووریش، لە کاتی جەنگی 12 ڕۆژەدا ڕایگەیاند، لەم بوارەدا پشتیوانی لە ئێران دەکات و ڕێبەری ئەو وڵاتە بە جۆرێک هەڕەشەی هەڕەشەی لە ئیسرائیل کرد، کە ئەگەر بیەوێت دژی ئێران چەکی ئەتۆمی بەکار بهێنێت، ئەوا ڕووبەڕووی کۆریای باکوور دەبێتەوە، واتە ئەوانیش چەکی ئەتۆمییان هەیە و دەتوانن کاردانەوەیان هەبێت.

غەزەنفەری، گوتیشی: ئەمەریکا هەوڵ دەدات بە زیادکردنی گوشارە ئابووری و سەربازییەکان، چین لە هاوکێشە جیهانییەکان دەربکات. ئەمەریکا خەریکی گەمارۆدانی چینە و هەوڵ دەدات ڕێڕەوە ستراتیجییەکانی گواستنەوەی کاڵای لێ دابخات. بێگومان چین لە دۆخێکی ئاوهادا پێویستی بە بەهێزبوونی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەیە تا ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دابین بکات. لە ڕاستیدا ئەمە لە خۆشەویستیی ئێران نییە، بەڵکو لەبەر پاراستنی بەرژەوەندییەکان و ئاسایشی نەتەوەیی خۆیدایە."

ئەو پەرلەمانتارەی ئێران، لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە جەنگی 12 ڕۆژەدا سەلماندی کە چۆن بەرامبەر ئیسرائیل، ئەمەریکا، بەریتانیا، فەرەنسا و زۆرێک لە وڵاتانی دیکە کە پشتیوانییان لێ دەکردن، وەستایەوە و تووشی شکستیانی کرد  و ناچاریانی کرد بۆ ئاگربەست بپاڕێنەوە. بۆیە، کاتێک  چین دەبینێت کە ئێران خاوەنی تواناییەکی سەربازیی ئاوایە بەتایبەت لە بواری ئەتۆمیدا، لەبەر ئەوە، ئەوان دژی بەهێزبوونی ئێران نین و ئەم تواناییە بە هەڕەشە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی خۆیان نازانن.

 
 
Fly Erbil Advertisment