ئەنجوومەنی دادوەری ڕێنمایی نوێی دەربارەی جێبەجێکردنی یاسای لێبووردنی گشتی دەرکرد
ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق ڕێنمایی نوێی سەبارەت بە چۆنیەتی جێبەجێکردنی یاسای لێبووردنی گشتی دەرکرد و داوا دەکات پەلە بکرێت لە یەکلاکردنەوەی دۆسیەکان و کەمکردنەوەی قەرەباڵغی زیندانەکان.
ئەمڕۆ سێشەممە، 25ـی تشرینی دووەمی 2025، سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی ڕەسافە بە سەرپەرشتی دادوەر عیماد جابری و بە ئامادەبوونی دادوەرانی دادگاکانی کەتن و نەوجەوانان، کۆبوونەوەیەکی فراوانی بۆ تاوتوێکردنی دۆخی دادگاکان ئەنجام دا.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی ڕاگەیاندنی ئەنجوومەنی دادوەری، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر جێبەجێکردنی یاسای لێبووردنی ژمارە 27ـی ساڵی 2016، کە بە هەمواری دووەمی 2025 هەموار کراوەتەوە، کرایەوە، دادوەر عیماد جابری ڕێنمایی داوە کە دەبێت بەدەم داواکارییەکانی (وازهێنان- تنازل)ەوە بچن، چونکە ئەمە مەرجێکی سەرەکی یاساییە بۆ ئەوەی تۆمەتباران بەر لێبووردنەکە بکەون.
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە کێشەی قەرەباڵغی زیندانەکان، لەم ڕووەوە بڕیار درا، دەبێت پەلە بکرێت لە دەرکردنی بڕیاری دوورخستنەوەی ئەو سەرپێچیکارانەی دەستگیرکراون.
هەروەها گفتوگۆ کرا لەسەر میکانیزمی بڵاوکردنەوەی سزا غیابییەکان لە ڕۆژنامەکان، جێبەجێکردنی فەرمانی گرتن و دەستبەسەرداگرتنی سامانی ئەو تۆمەتبارانەی هەڵاتوون، بەتایبەت لە دۆسیەکانی گەندەڵی لە سامانی گشتی.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوە داوای کرد ڕێکارە کارگێڕییەکان خێراتر بکرێن و دۆسیەکان بە ڕێکوپێکی ڕەوانەی دەستەی سزایی بکرێن تاوەکوو لە کاتی دیاریکراودا یەکلا بکرێنەوە و ڕێگری لە دواکەوتنیان بکرێت.
