ئەمەریکا پەیوەندی نێوان بەحرەین و ئیسرائیل بەهێزتر دەکات

شاندێک دەنێرێتە بەحرەین

K24- هەولێر:

نوێنەری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەرۆکایەتیی شاندێک دەکات بۆ چوون بۆ بەحرەین، ئەمەش بۆ زیاتر بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان بەحرەین و ئیسرائیل.

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی رۆیتەرز، ئاڤی بێرکۆیتز، نوێنەری ترەمپ بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەگاتە بەحرەین و باس لە یەکەم گەشتی بازرگانی راستەوخۆی نێوان بەحرەین و ئیسرائیل دەکات.

بڕیارە رۆژی چوارشەممە، یەکەم گەشت لە ماناماوە بۆ تەلئەبیب ئەنجام بدرێت، لەو کاتە شاندێکی باڵای ئەمەریکا لەگەڵ بەرپرسانی بەحرەین و ئیسرائیل کۆدەبنەوە و باس لە پەیوەندی نێوان هەردوولا دەکەن.

تاوەکو ئێستا واشنتن سەرکەوتووبووە لە نزیکردنەوەی ئیسرائیل لەگەڵ هەریەک لە وڵاتانی ئیمارات، بەحرەین و سوودان. یەکەمجارە ئەو نزیکبوونەوەیە روودەدات. ئەمەش لای بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی نیگەرانی دروستکردووە.