دوو تۆمەتبارەکەی دیکەی رووداوی هێرشکردنە سەر دەرمانخانەکەی هەولێر دەستگیرکران
گوتەبیژی پۆلیس: لەکاتی دەستگیرکردنیان چەکیان پێبووە و ویستوویانە رووبەڕووی پۆلیس ببنەوە

K24 - هەولێر
مانگی رابردوو گرتەیەکی ڤیدیۆیی تەواوی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی لە کوردستان تەنی، کە تێیدا چەند کەسێک دەردەکەون کاتێک بە چەکەوە هێرشدەکەنە سەر دەرمانخانەیەکی هەولێر. دوو تۆمەتباری رووداوەکە شەوی رابردوو بەچەکەوە دەستگیرکراون، لەکاتێکدا ویستوویانە رووبەڕووی پۆلیس ببنەوە.
رووداوەکە بە دیاریکراوی 16-11-2020 لە جووتسایدی لاوانی شاری هەولێر روویدا. ڤیدیۆی هێرشکردنە سەر کارمەندانی دەرمانخانەکە بە خێرایی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە و کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، خەڵک داوایان کرد بە زووترین کات ئەو تۆمەتبارانە سزابدرێن.
هەر شەوی رووداوەکە یەکێک لە تۆمەتبارەکان دەستگیرکرابوو، بەڵام دوو تۆمەتبارەکەی دیکە مابوون، هەردووکیان شەوی رابردوو (دووشەممە، 16-11-2020) لەلایەن هێزەکانی پۆلیس لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەت دەستگیرکران.
هۆگر عەزیز، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر لەمبارەیەوە بە کوردستان24ـی راگەیاند "بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر بەدواداچوونی وردی کرد بۆ دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارانە. ئێمە، پێشتر لە هەمان رۆژی رووداوەکە کەسێکمان دەستگیرکرد بوو. دواتر بەدواداچوونمان کرد و ئەو دوو کەسەی دیکەی هەڵاتبوون".
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر هەروەها دەڵێ "بەدواداچوونی چڕ کرا و توانرا لە ئۆپەراسیۆنێکی پۆلیسی قەزای دەشتی هەولێر لەگەڵ پۆلیسی چالاکییە مەدەنییەکان و چەند بنکەیەکی پۆلیس، شەوی رابردوو دوو تۆمەتبارەکەی دیکە دەستگیر بکەن".
هەردوو تۆمەتبار بە چەکەوە دەستگیرکراون، بەگوتەی هۆگر عەزیز "تەمەنیان لەنێوان 25 بۆ 30 ساڵە، هەردووکیان چەکی کلاشینکۆڤ و دەمانچەیان پێبووە و بەنیازی رووبەڕووبوونەوە بوون لەگەڵ پۆلیس، بەڵام پۆلیس توانی چەکیان بکات و قۆڵبەستیان بکات".
هـ.ر.