تاڵیبان: وەڵامی دەستدرێژییەکەی پاکستان دەدەینەوە
گوتەبێژی حکوومەتی تاڵیبان، ئیدانەی ئەو هێرشە ئاسمانییەی کرد کە گوایە لە لایەن پاکستانەوە کراوەتە سەر ویلایەتەکانی پەکتیکا و خوست و کەنەر و بە پێشێلکردنێکی ئاشکرای سەروەریی ئەفغانستانی لە قەڵەم دا و گوتی: لەکاتی گونجاودا وەڵامی ئەو دەستدرێژییە دەدەینەوە.
چوارشەممە، 26ـی تشرینی دووەم 2025، زەبحوڵڵا موجاهید، گوتەبێژی، تاڵیبان، لە ڕاگەیەنراوێکدا، ڕایگەیاند "ئەم هێرشانە، پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکانن و هەر کارێکی ئاوها کە لەسەر بنەمای زانیاریی هەڵە بکرێت، جگە لە زیادبوونی گرژییەکان و 'شەرمەزاری'ـی پاکستان، هیچ سوودێکی نابێت."
موجاهید، گوتیشی: حکوومەتی تاڵیبان ئەم دەستدرێژییەی پاکستان بە توندی سەرکۆنە دەکات. پارێزگاریی لە سەروەریی ئاسمان و زەویی ئەفغانستان، مافی شەرعیی ئێمەیە و لە کاتی گونجاودا وەڵامی دەدەینەوە.
لەبەرانبەر قسەکانی گوتەبێژەکەی تاڵیباندا، جەنەراڵ ئەحمەد شەریف چۆدری، گوتەبێژی سوپای پاکستان، بانگەشەی تاڵیبانی سەبارەت بە هێرشی پاکستان بۆ سەر ئەفغانستان، بە بێبنەما وەسف کرد.
چۆدەری گوتی: پاکستان هیچ هێرشێکی نەکردووتە سەر ئەفغانستان و بانگەشەکانی تاڵیبان لەو بارەیەوە چەواشەکارین.
گوتەبێژی سوپای پاکستان، گوتیشی: ئەگەر ئێمە بمانەوێت ئۆپەراسیۆنێک لە خاکی ئەفغانستاندا بکەین، بە ئاشکرا دەیکەین و بەرپرسیارییەتییەکەشی لە ئەستۆ دەگرین.
بە گوێرەی قسەکانی گوتەبێژی حکوومەتی تاڵیبان، لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەم دواییەدا، ژمارەیەک هاووڵاتی مەدەنی، لەوانەش چەند منداڵێک کوژراون.
گرژییەکانی نێوان ئەفغانستان و پاکستان لە مانگی تشرینی یەکەمی ڕابردووەوە دەستیان پێ کرد، کاتێک پاکستان هێرشی ئاسمانیی کردە سەر مۆڵگەکانی گرووپی چەکداریی 'تەحریک تاڵیبانی پاکستان' لەناو خاکی ئەفغانستاندا. لە وەڵامدا، هێزەکانی حکوومەتی تاڵیبان، هێرشیان کردە سەر بنکە سەربازییەکانی پاکستان لەسەر سنووری نێوانیان.
سەرەڕای سێ خولی دانوستان لە دەوحە و ئیستانبوڵ، ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە تا ئێستا هیچ پێشکەوتنێکی بەخۆیەوە نەبینیوە.
