کاروان کەلاری ئازاد کرا
کاروان کەلاریی ڕۆژنامەنووس، دوای ئەوەی دوێنێ بە بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە لە لایەن هێزێکی ئاسایشەوە لە گەرمیان دەستگیر کرا و ڕاستەوخۆ گوێزرایەوە بۆ سلێمانی، ئەمڕۆ ناوبراو بە کەفاکەت ئازاد کرا، بەڵام تا ئێستا هێزەکانی ئاسایشی سلێمانی و گەرمیان، هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەبارەی هۆکاری دەستگیرکردن و ئازادکردنی ڕۆژنامەنووسەکە بڵاو نەکردووەتەوە.
چوارشەممە، 26ـی تشرینی دووەمی 2025، هەرێم جاف، پەیامنێری کوردستان24 لە گەرمیان، گوتی: کاروان کەلاریی ڕۆژنامەنووس، دوێنێ کاتژمێر 6ـی ئێوارە لە کاتی گەڕانەوەی لە دەوامی پەیمانەگەدا، لە لایەن هێزێکی ئاسایش لە کەلار دەستگیر کرا و، ڕاستەوخۆ گوێزرایەوە بۆ سلێمانی.
پەیامنێری کوردستان24، دەڵێت: تا کاتژمێر 2:30 خولکی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، هیچ کەسێک تەنانەت خزم و کەسوکاری کاروان کەلاری بە هەواڵی دەستگیرکردنەکەیان نەزانیبوو، هەروەها ئەو ڕۆژنامەنووسە پێشوەختە ئاگار نەکرابووەوە کە دەستگیر دەکرێت.
هەرێم جاف، باسی لەوە کرد، کاتژمێر 6ـی ئێوارەی ئەمڕۆ، کاروان کەلاری لە ئاسایشی سلێمانی بە کەفالەت ئازاد کرا.
کاروان کەلاریی ڕۆژنامەنووس، بەڕێوەبەری ڕادیۆی کازیوەیە لە گەرمیان. تا ئێستا هێزەکانی ئاسایش لە گەرمیان و سلێمانی، هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لە بارەی هۆکاری دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسەکە بڵاو نەکردووەتەوە.
پەیامنێری کوردستان24، دەشڵێت: شێوازی دەستگیرکردنی کاروان کەلاری لە لایەن ئاسایشەوە، نیگەرانیی ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانی گەرمیانی لێ کەوتبووەوە.
هەر ئەمڕۆ دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ و سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، ڕاگەیەنراویان بڵاو کردبووەوە، کە تیایدا داوای ئازادکردنی کاروان کەلارییان کردبوو، هەروەها داوای ئەوەشیان کردبوو کە پێوستە هۆکاری دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسەکە بۆ ڕای گشتی و کەسوکارەکەی ڕوون بکرێتەوە.
