لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق هێرشەکەی کۆرمۆر شەرمەزار دەکات
لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ هێرشی سەر کۆرمۆر شەرمەزار دەکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27ـی تشرینی دووەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی فیدراڵەوە پێگەیشت.
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ، "بە توندترین شێوە هێرشی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆری سەرکۆنە و شەرمەزار کرد و بە هێرش بۆ سەر هەموو عێراقی ناوبرد."
وەک ئەوەی ئاماژەی پێ کراوە، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا "بڕیاردرا لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی هاوبەش پێکبهێنرێت کە لە نزیکترین کاتدا، دەست بەکار بێت بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی هێرشبەران و بە سزا گەیاندنیان."
سەرۆک وەزیران محەممەد شیاع سوودانی پەیوەندیی پێوە کردم و بە توندترین شێوە هێرشی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆری سەرکۆنە و شەرمەزار کرد و بە هێرش بۆ سەر هەموو عێراقی ناوبرد.
— Masrour Barzani (@masrourbarzani) November 27, 2025
بڕیار درا لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی هاوبەش پێکبهێنرێت بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی هێرشبەران و بەسزاگەیاندنیان.
کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27ـی تشرینی دووەمی 2025، لوقمان حەسەن، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی چەمچەماڵ بە ئارام بەختیار، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، توانییان دوای چەند کاتژمێرێک لە هەوڵی بەردەوامی تیمەکانیان، ئاگرەکەی کێڵگەی غازی "کۆرمۆر" کۆنترۆڵ بکەن.
بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، بەهۆی هێرشەکە، نزیکەی نۆ کاتژمێر ئاگر لە کۆگایەکی کێڵگەی غازی کۆرمۆر کەوتبووەوە و بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، کۆنترۆڵ کراوە.
"تەواوی هەناردەی غاز ڕاگیراوە"
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشی هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و کارەبا، نزیکەی کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی ڕابردوو (چوارشەممە، 26ـی تشرینی دووەم)، بە "درۆن" هێرش کراوەتە سەر كێڵگەی غازی کۆرمۆر و بەهۆیەوە، تەواوی هەناردەی غاز بۆ وێستگەكانی كارەبا ڕاگیراوە.
جەخت لەوەش کراوەتەوە "تیمەکانی هەردوو تیمی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و كارەبا لەگەڵ كۆمپانیای دانە غاز لەسەر هێڵن بۆ بەدواداچوونی لێكەوتەكانی ڕووداوەكە و ئاسایكردنەوەی بارودۆخەكە."
بەهۆی هێرشەکەی شەوی ڕابردوو بۆ سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر و ڕاگیرانی پرۆسەی هەناردەکردنی غازی شل بۆ وێستگەکان، بەرهەمهێنانی کارەبا لە چوار هەزار مێگاواتەوە بۆ 1500 مێگاوات کەمبووەتەوە.
دانەغاز: هێرشەکە بە مووشەک بووە
هاوکات کۆمپانیای 'دانە غاز' لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، هێرشەکەی سەر کێڵگەی "کۆرمۆر" بە "مووشەک" بووە. ئاماژە بەوەش دراوە، لە ئەنجامی هێرشەکە هیچ کارمەندێکیان بریندار نەبووە.
کۆمپانیاکە باسی لەوەش کردووە "بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە و هەڵسەنگاندنی دۆخەکە بەرهەمهێنان ڕاگیراوە، بەردەوامیشین لە هەماهەنگیکردن لەگەڵ دەسەڵاتە ناوخۆییەکان و بۆ ئەوەی لەکاتی خۆیدا بەرهەم بە بازاڕ بکەین."
