گوتەبێژی کۆمیسیۆن: هەموو تانەکان ڕەوانەی دەستەی دادوەری هەڵبژاردن کراون
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ڕایگەیاند، هەموو تانەکان لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردن ڕەوانەی دەستەی دادوەری هەڵبژاردن کراون.
ڕۆژی پێنجشەممە 27ی تشرینی دووەمی 2025، جومانە غەلای گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: کۆی گشتی تانەکانی هەڵبژاردن، 872 تانەیە و هەمووی تەواو بووە و ڕەوانەی دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەکان کراوە و چاوەڕوانی وەڵامدانەوەن.
لەبارەی گۆڕانکاری ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، جومانە غەلای گوتی: تاوەکوو ئەنجامی کۆتایی تانەکان لەلایەن دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەکان دەرنەچێت، ئاشکرا نییە ئەنجامەکان گۆڕانکارییان بەسەردا دێت یاخود نا.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ـی تشرینی دووەمی 2025 ئەنجام درا و ڕێژەی بەشداریی لە سەرانسەری عێراق لە دەنگدانی گشتی بریتی بوو لە 54.35% و ڕێژەی بەشداری لە دەنگدانی تایبەتیش 82.42% بوو. ڕۆژی 17ـی تشرینی دووەمی 2025 کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی ڕاگەیاند.
