حه‌یده‌ر شه‌شۆ: پێویسته رێككه‌وتنی شنگال وه‌ك خۆی جێبه‌جێ بكرێت
پێویسته په‌كه‌كه و حه‌شد له شنگال بچنه ده‌ره‌وه
K24 – هه‌ولێر:
فه‌رمانده‌ی هێزی پاراستنی ئێزدخان، حه‌یده‌ر شه‌شۆ، بۆ كوردستان24 رایگه‌یاند، پێویسته رێككه‌وتنی شنگال وه‌ك خۆی جێبه‌جێ بكرێت و هێزه‌كانی په‌كه‌كه و حه‌شدی شه‌عبی له شنگال بچنه ده‌ره‌وه.
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه (17ی تشرینی دووه‌م/ نۆڤێمبه‌ری 2020) شاندێكی حکومەتی عێراق، به سه‌رۆكایه‌تی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، "قاسم ئه‌عره‌جی" و به یاوه‌ری نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، "جێنین پلاسخارت" گەیشتنە هەولێر .
ئامانجی سه‌ردانی شانده‌كه ده‌ستنیشانكردنی رێوشوێنی جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگاله.
رێككه‌وتنه‌كه له رۆژی (1ی تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ری 2020)، له نێوان وه‌زیری ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێم، "رێبه‌ر ئه‌حمه‌د" و بریكاری سه‌رۆكی ده‌زگای ئاسایشی نیشتمانی عێراقی "حه‌مید ره‌شید فلهیح" واژوو كرا.
.jpg)
ئه‌و رێككه‌وتنه له سێ ته‌وه‌ردا باسی له ره‌وشی شنگال كردووه، ئه‌وانیش لایه‌نه‌كانی (ئه‌منی و ئیداری و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی شاره‌كه‌ن).
دوای زیاتر له مانگێك، ئه‌مڕۆ جارێكی دیكه، لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانی ئه‌و رێككه‌وتنه كۆبوونه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی رێوشوێنی جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنه‌كه‌یان به چاودێری نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ده‌ستنیشان بكه‌ن.
"حه‌یده‌ر شه‌شۆ"، فه‌رمانده‌ی هێزی پاراستنی ئێزدخانه، بۆ كوردستان24، له باره‌ی ئه‌و رێكه‌وتنه‌وه دواو گوتی: زۆرینه‌ی ره‌های شنگالییه‌كان چاوه‌ڕوان و پشتیوانی جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنه‌كه‌ن.
گوتیشی: پێویسته ئه‌و رێككه‌وتنه وه‌ك خۆی جێبه‌جێ بكرێت. حه‌شدی شه‌عبی له شاره‌كه بچێته ده‌ره‌وه.
له باره‌ی بوونی هێزه‌كانی پارتی كرێكارانی كوردستان، كه پارتێكی چه‌كداری به‌رهه‌ڵستكاری توركیایه، "شه‌شۆ" گوتی: شنگال سه‌رزه‌مینی په‌كه‌كه نییه. هیچ یاسایه‌ك رێگه به بوون و مانه‌وه‌ی په‌كه‌كه له شنگال نادات.
روونیشیكرده‌وه، ده‌كرێت په‌كه‌كه له سنووری هه‌رێمی كوردستان وه‌ك په‌نابه‌ری سیاسی چالاكی سیاسی هه‌بێت، به‌ڵام رێگه پێدراو نییه، هێز به‌كاربهێنێت بۆ داگیركردنی زه‌وی و درووستكردنی ده‌سه‌ڵات و پێگه‌ی ئیداری و سه‌ربازی.
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، "حه‌یده‌ر شه‌شۆ" باسی له‌وه‌كرد، ئه‌گه‌ر بڕیاره حه‌شدی شه‌عبی سه‌ر به دامه‌زراوه‌ی سه‌ربازی عێراق بن، ده‌بێت فه‌رمانی سه‌رووی خۆیان، كه فه‌رمانده‌ی باڵای هێزه چه‌كداره‌كان و وه‌زاره‌تی به‌رگرییه جێبه‌جێ بكه‌ن و له شنگال بچنه ده‌ره‌وه.
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، "حه‌یده‌ر شه‌شۆ" هیوای خواست ده‌ستوه‌ردان له كاروباری ئاینیی ئێزدییه‌كان نه‌كرێت و كارێك نه‌كرێت خه‌ڵكی ئێزدی نیگه‌ران بن، به‌ڵكو پێویسته هه‌موو هه‌وڵێك به‌و ئاراسته‌یه بێت، ره‌وشی شنگال ئاساییبكرێته‌وه و ئاواره‌كان بگه‌ڕێنه‌وه.