ترەمپ: بە هەموو شێوەیەک کۆچکردن لە جیهانی سێیەمەوە بۆ ئەمەریکا ڕادەگرین
لە ئەنجامی دەستڕێژی کەسێکی ئەفغانی بۆ سەر دوو سەربازی ئەمەریکی، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا کۆچکردن لە جیهانی سێیەمەوە بۆ ئەمەریکا بە هەموو شێوەیەک ڕادەگرێت.
ئەمڕۆ 28ی تشرینی دووەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە ماڵپەڕی (تروس سۆشیاڵ) وێنەیەکی کۆچی بە لێشاوی ئەفغانییەکانی بۆ نێو خاکی ئەمەریکا بڵاو کردەوە و دەڵێت: ئەمە بەشێکە لەو گواستنەوە ئاسمانییە سامناکەی ئەفغانستان. سەدان هەزار کەس بەبێ هیچ جۆرە پشکنین و وردبینییەکی ئەمنی ڕژانە نێو وڵاتەکەمانەوە، ئێمە ئەم دۆخە چاک دەکەینەوە، بەڵام هەرگیز ئەوە لەبیر ناکەین کە جۆ بایدنی فێڵباز و چەتەکانی چییان بەسەر وڵاتەکەماندا هێنا.
دوێنێ پێنجشەممە دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، بە هەموو شێوەیەک کۆچکردن لە جیهانی سێیەمەوە بۆ ئەمەریکا ڕادەگرین و هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی داواکارییە قبووڵکراوەکانی سەردەمی بایدنی کرد و گوتی:هەر کەسێک دەستکەوتێکی زیادە بۆ ئەمەریکا دەستەبەر نەکات دەینێرینەوە وڵاتەکەی خۆی.
هەروەها ترەمپ ڕوونی کردەوە، کۆتایی دەهێنێت بە هەموو هاوکاری و بەخشینە فیدراڵییەکان بۆ ئەو هاووڵاتییانەی کە ئەمەریکی نین و هەر بیانییەکیش کە مەترسیی بۆ ئاسایشی ئەمەریکا دروست بکات یان لەگەڵ شارستانییەتی ڕۆژئاوادا نەگونجێت، دەردەکات.
ئەو بڵاوکراوەیەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە ڕۆژی چوارشەممە، کەسێکی ئەفغانی دەستڕێژی کردە سەر دوو سەربازی ئەمەریکی کە لەنێو ئۆتۆمبێل بوون لەکاتی کاری فەرمی خۆیان لە واشنتنی پایتەختی ئەمەریکا، لە ئەنجامدا سەربازێک بە ناوی سارا بیگستۆرم تەمەن 20 ساڵان گیانی لەدەستدا و یەکێکی دیکەش بە سەختی بریندار بوو.
جێف کارۆل جێگری بەڕێوەبەری پۆلیسی واشنتن ڕایگەیاند، گومانلێکاراوەکە لە ناکاو دەستی بە تەقەکردن کرد و دوو سەربازەکە فریویان خوارد.
ئەم هەنگاوانەی ترەمپ بە هەڵکشانێک دادەنرێت لەو سیاسەتە دژە کۆچبەرییەی کە لە خولی دووەمی سەرۆکایەتییەکەیدا پەیڕەوی دەکات و بە هەڵمەتی دەرکردنی ژمارەیەکی زۆر لە کۆچبەران ناسراوە
