مارک ساڤایا: ترەمپ فەرمانی پێکردم بڕۆمە عێراق
مارک ساڤایا ڕایگەیاند، لەلایەن سەرۆکی ئەمەریکا فەرمانی پێ کراوە بچێتە عێراق.
هەینی 28ـی تشرینی دووەمی 2025، مارک ساڤایا، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ( ئێکس) پەیامێکی لەبارەی سەردانەکەی بۆ لای دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی وڵاتەکەی بڵاو کردووەتەوە و نووسیویتی: فەرماندەی گشتیی هێزەکانی ئەمەریکا فەرمانی پێ کردووم بڕۆمە عێراق.
نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ عێراق دەشڵێت: بە دیداری سەرۆکی ئەمەریکا زۆر خۆشحاڵ بووم و بەڕاستی ڕێگەیەکی نایاب بوو بۆ بەسەربردنی جەژنی سوپاسگوزاری.
ئەمەش لە کاتێکدایە، دوێنێ ساڤایا لە ئەنجامی هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر بە توند داوای لە حکوومەتی عێراق کردبوو، بەپەلە ناسنامەی ئەو کەسانە ئاشکرا بکات کە لە پشت ئەم دەستدرێژییەوە بوون و ڕادەستی دادگایان بکات.
مارک ساڤایا لە ڕاگەیەندراوەکەیدا پاڵپشتی ئەمەریکای بۆ کوردستانێکی بەهێز دووپات کردبووە و و ئاماژەشی دابوو، ڕووبەڕووی هەموو گرووپە چەکدارەکان دەبنەوە لەنێوانیشیان ئەو گرووپانەی حکوومەتی عێراق پاڵپشتییان لێدەکات و دەبێت بگەن بە سزای خۆیان.