هێرشەکەی سەر کۆرمۆر بە مووشەکی جۆری گراد کراوە
بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی دەستی کوردستان24 گەیشتوون، هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر بە مووشەکی جۆری گراد 122 ملم بووە و جگە لە مووشەک، درۆنێکیش ئاراستە کراوە، بەڵام لە دەرەوەی کێڵگەکە کەوتووەتە خوارەوە.
سۆران کامەران پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند، لیژنە هاوبەشەکە بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر سێ کۆبوونەوەی کردووە و عەبدولئەمیر شەمەری وەزیری ناوخۆی عێراق کە سەرۆکی لیژنەکەیە بەڵێنی داوە چیتر ڕێگە بەم جۆرە هێرشانە بۆ سەر کۆرمۆر نادەن.
هەروەها سۆران کامەران، زانیاریی تایبەتی لە ئەندامێکی لیژنەی ئاسایشی و بەرگریی پەرلەمانی عێراق پێگەیشتووە، کە شەمەری نامەیەکی لە بارەی هێرشەکە و لێکۆڵینەوە پێداوە، لە نامەکەی شەمەری هاتووە، بەگوێرەی پشکنین و لێکۆڵینەوەکان و ئەو پارچانەی دۆزراونەتەوە، هێرشەکە بە مووشەکێکی گراد 122 کراوە، کە لە دووری نزیکەی سێ کیلۆمەتر ڕاستەوخۆ ئاراستە کۆگای غازی کێڵگەکە کراوە.
هەر لە نامەکەی شەمەری بۆ پەرلەمانتارەکە هاتووە، جگە لە مووشەکەکە، درۆنێکیش ئاراستەی کێڵگەی کۆرمۆر کراوە، بەڵام ئامانجەکەی نەپێکاوە و لە دەرەوەی کێڵگە کەوتووەتە خوارەوە.
هەروەها عەبدولئەمیر شەمەری لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ بە ڕوونی گوتوویەتی 72 کاتژمێر مۆڵەتمان پێ بدەن بۆ ئەوەی ڕێکاری تەواو بەرانبەر بە هێرشکەران دەگرنەبەر، هاوکات بەڵێنی ئەوەشی داوە چیتر ڕێگە بە دووبارە بوونەوەی هێرشی هاوشێوە بۆ سەر کۆرمۆر نادەنەوە.
دوای پەیوەندییە تەلەفۆنەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، شاندێکی ئەمنیی باڵای هاوبەش بە سەرۆکایەتیی عەبدولئەمیر شەمەری و بە یاوەریی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان و حەمید شەتری، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عێراق سەردانی کێڵگەی غازی کۆرمۆر، ئامانجی سەرەکییان ئاشکراکردنی ناسنامەی هێرشبەران و لێکۆلینەوەیە لە هێرشەکە.
