پرسی پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق یەکلایی دەکرێتەوە؛ 4 ناو لەسەر مێزی گفتوگۆن
بڕیارە سبەی دووشەممە، چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبوونەوەیەکی فراوان بۆ تاوتوێکردنی ئەنجامی دانوستانەکان و دیاریکردنی کاندیدی پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەنجام بدات، سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا ناوی کاندیدەکە بە فەرمی ڕادەگەیەنرێت.
عامر فائیز، سەرۆکی هاوپەیمانیی تەسمیم بە میدیاکانی ڕاگەیاند؛ سبەی دووشەممە 1ـی کانوونی یەکەمی 2025، سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چەند پرسێکی هەنووکەیی کۆدەبنەوە، کە دیارترینیان پرسی دیاریکردنی کەسایەتییەکە بۆ سەرۆکایەتیی حکوومەتی داهاتوو.
فائیز پێشبینی کرد، لیژنەی تایبەتمەند بە هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیران لە نێو چوارچێوەی هەماهەنگی، لە ماوەی دوو هەفتەدا کارەکانی تەواو بکات و ناوەکە یەکلایی بکرێتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە نێو چوارچێوەی هەماهەنگی ئاشکرای کرد، ئامانجی کۆبوونەوەکەی سبەی، خستنەڕووی دوایین ڕا و سەرنجەکانە لەسەر ئەو ناوانەی پێشکەش کراون بۆ کێبڕکێکردن لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران، بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتن پێش ناوەڕاستی مانگی داهاتوو.
دیارترین ئەو ناوانەی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران کێبڕکێ دەکەن بریتین لە: (محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکی هاوپەیمانیی گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوە نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، ئەسعەد عێدانی، پارێزگاری بەسرە و باسم بەدری، سەرۆکی لێپرسینەوە و دەستەی دادوەری). هاوکات ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە ناوی (حەمید شەتری، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی عێراق)، لە لیستی کاندیدەکان دەربهێنرێت.
لەم بارەیەوە، محەممەد بەیاتی، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق هۆشداریدا لەوەی زۆریی ژمارەی کاندیدەکان دەرگا بۆ ناکۆکیی سیاسی واڵا دەکات.
بەیاتی جەختی کردەوە، کە ئەزموونی سیاسیی عێراق سەلماندوویەتی باشترین بژاردە بریتییە لە 'ڕێککەوتنی پێشوەختە' لەسەر کاندیدێک، کە ئەمەش سیناریۆی پێشبینیکراوی قۆناغی داهاتووە.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ـی تشرینی دووەمی 2025 ئەنجامدرا و ڕێژەی بەشداری لە سەرانسەری عێراق لە دەنگدانی گشتی بریتی بوو لە 54.35% و ڕێژەی بەشداری لە دەنگدانی تایبەتیش 82.42% بوو. ڕۆژی 17ی تشرینی دووەمی 2025 کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی ڕاگەیاند.
