به‌هۆی كۆرۆنا قوتابخانه‌كان له ئه‌مه‌ریكا داده‌خرێن
له چه‌ند ویلایه‌تێك خوێندن ده‌بێته ئۆنلاین

K24 - هه‌ولێر:
تا ئێستا ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا زیاتر له 250 هه‌زار حاڵه‌تی مردنی به ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركرد، له‌گه‌ڵ به‌رزبوونه‌وه‌ی ژماره‌ی تووشبووان له ته‌واوی ویلایه‌ته‌كان، بڕیاری داخستنی قوتابخه‌نه‌كانی دا.
به‌پێی راگه‌یه‌نراوی زانكۆی جۆنز هۆپكینز، 250 هه‌زار و 29 حاڵه‌تی مردن، نزیكه‌ی 11 ملیۆن و نیو حاڵه‌تی تووشبووان به كۆرۆنا تۆمار كراوه. ژماره‌ی تووشبووان له هه‌فته‌ی رابردووه رۆژ به‌ڕۆژ له به‌رزبوونه‌وه‌دایه.
دكتۆر ئه‌نتۆنی فاوچی، گه‌وره زانای بواری ڤایرۆس له ئه‌مه‌ریكا، له لێدوانێكیدا بۆ بی بی سی، گوتی: "وڵات به‌ره‌و ئاراسته‌یه‌كی هه‌ڵه ده‌ڕوات له‌م كاته ناهه‌مواره‌دا".
لێدوانه‌كه‌ی فاوچی له‌كاتێكدایه، به‌هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی ژماره‌ی تووشبووانه‌وه، بڕیاری داخستنی قوتابخانه دراوه.
به‌رپرسان ده‌ڵێن بڕیاری داخستنی قوتابخانه‌كان به گشتی، به‌هۆی تێپه‌ڕاندنی رێژه‌یه‌ك بووه له ناوه‌نده‌كانی خوێندن، كه رێژه‌كه‌ی 3%ـه و ئێستا ژماره‌ی تووشبوون له‌و رێژه‌یه تێپه‌ڕی كردووه.
دكتۆر فاوچی گوتیشی: "له‌گه‌ڵ زیادبوونی ژماره‌ی تووشبووان، ژماره‌ی مردووانیش زیاتر ده‌بێت"، جه‌ختیشی كرده‌وه كه رێوشوێنه‌كانی خۆپارێزی زیاتر بكرێت و به‌ستنی ده‌مامك و له‌یه‌ك دووركه‌وتنه‌وه زۆر گرنگه.
دكتۆر فاوچی ده‌شڵێت: "پێویسته خه‌ڵك كه‌مێك زیاتر دان به‌خۆیاندا بگرن تاوه‌كو ڤاكسینی كۆرۆنا به ته‌واوه‌تی به‌رده‌ست ده‌بێت".
به پێی راگه‌یه‌نراوی هه‌ردوو كۆمپانیای فایزه‌ر و بایونتێك، ڤاكسینه‌كه‌یان رێژه‌ی 95% سه‌ركه‌وتنی تۆرماركردووه بۆ تووشبووانی سه‌روو 65 ساڵی.
ریچارد كارانزا، به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌كانی نیویۆرك له وتارێكیدا ده‌ڵێت: "به دایكان و باوكانمان راگه‌یا‌ندووه بۆ ماوه‌یه‌كی نادیار قوتابخانه‌كان داده‌خه‌ین، له رێگه‌ی ئینته‌رنێته‌وه له خوێندن به‌رده‌وام ده‌بین".
ماوه‌ی 8 هه‌فته‌یه پرۆسه‌ی خوێندن له ئه‌مه‌ریكا ده‌ستیپێكردووه‌ته‌وه و ده‌رگای قوتابخانه‌كان كراونه‌ته‌وه، به‌ڵام زیادبوونی ژماره‌ی تووشبووان، دیسانه‌وه ده‌رگای قوتابخانه‌كان داده‌خرێن و له نیویۆرك خوێندن له رێگه‌ی ئۆنلاین درێژه پێده‌ده‌ن، پێشتریش هه‌ریه‌كه له بۆستن و دیترۆیت هه‌مان بڕیاریانداوه.
بیل دی بلاسیو، شاره‌داری نیویۆرك گۆتی: "كه‌س هه‌ست به ئارامی ناكات له‌و بڕیاره، ئێمه هه‌موومان خه‌مبارین به‌و بڕیاره، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌موو توانای خۆمان به‌گه‌ر خستبوو بۆ به‌رده‌وامی كرانه‌وه‌ی قوتابخانه‌كان".
سه‌رچاوه: BBC