لقی دووی پارتی بۆ مەڵبەندی سێی یەکێتی: وا باشترە بێدەنگ بن، خەڵک هۆشیارە

لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە وەڵامی مەڵبەندی سێی یەکێتیدا گوتی: ئەو فیتنە و ئاژاوەگێڕییەی هەردوو برا سەرکردەکانتان دەیکەن جگە لە نەمانی متمانە لای خەڵکی کوردستان، هیچ سوودێکی دیکەی نییە. دەشڵێت: بەرد مەگرنە ماڵی کەس چونکە ماڵتان لە شوشەیە.

دووشەممە، 1ـی کانوونی یەکەمی 2025، لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ڕاگەیەنراوێکدا وەڵامی مەڵبەندی سێی یەکێتی دایەوە.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوو ڕووی دا لە هێرشکردنە سەر کێڵگەی کۆرمۆر کە بووە وەستانی کارەبا بۆ چەند ڕۆژێک و پاشان پەلاماردانی پاڵاوگەی لاناز، هەوڵێکی دوژمنکارانەیە بۆ لێدان لە ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان و بە ئامانجگرتنی، بۆ ئەوەی ببێتە فشار لە سەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان و زیان بە خەڵکی کوردستان و دامەزراوەکان بگەینن لە پێناوی تاکە ئافەرینێکی هاوئاواز و هاوپەیمانەکانیان کە ئامانجیان نەمانی کوردستان و تێکدانی سەقامگیرییەکەیەتی.

لقی دووی پارتی گوتی: "ئەمڕۆ بەداخەوە نووسینێک بە دەست و خەتێکی پڕ لە قین و دوژمنکارانە ل ەلایەن مەڵبەندی هەولێری یەکێتی بڵاو کرایەوە، وەک ئەوەی هەنگوینیان لە دار دۆزیبێتەوە و دەیانەوێت شکستەکەیان لە دوایین هەڵبژاردن لە هەولێر بە ناوهێنانی پارتی و دامەزراوەکانی حکوومەت لە بیر خەڵک ببەنەوە، دیارە وەک قوباد تاڵەبانی گووتەنی، هێشتا لە جەوی هەڵبژاردن ماون".

هاوکات جەختی لەوە کردەوە، مەڵبەندی یەکێتی دەبێت ئەوەی لەبیر بێت کاتێک بە بڕیاری سەرۆکی حزبەکەی تانک، هێلیکۆپتەر و چەکی قوەس لە شەقامەکانی شاری ئازیزی سلێمانی خرانە بەرژەوەندیی کەسی و یەکلاییکردنەوەی هەژموونی دوو ئامۆزا ئەوەشیان ئازادی بوو؟

لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئەی کاتێک گەنجانی خێرلەخۆ نەدیوی یەکێتی، خەڵتانی خوێن کران و کۆمەڵکوژی لە لالەزار بەرپا کرا، ئەوکات ڕەچاوکردنی بنەماکانی مافی مرۆڤ بوو؟ ئەی ئێستا کە سێ سەرۆکی حزبی ئۆپۆزیسیۆن لە زیندانەکانی سلێمانین، ئەوەیان ناو دەنێن چی؟

لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان، هەر لە وەڵامی مەڵبەندی سێی یەکێتیدا، باسی لەوە کرد، ئەی ئەو فیتنە و ئاژاوەگێڕییەی کەناڵەکانتان دەیکەن بۆ نەمانی کارەبا و تەقاندنەوەی کێڵگەی گازی کۆرمۆر و بە ئامانجگرتنی ژێرخانی ئابووریی هەرێمەکەمان، چ مانایەکی هەیە ؟ ئەو دڵخۆشییەتان لە پای چی!

لقی دووی پارتی، ئامۆژگاری مەڵبەندی سێی یەکێتی، کەناڵ، سێبەر، دەست و پێوەندییەکانیان دەکات و دەڵێت: وا باشترە بێ دەنگ بن و دڵنیا بن ئەو فیتنە و ئاژاوەگێڕییەی هەردوو برا سەرکردەکانتان دەیکەن جگە لە نەمانی متمانە لای خەڵکی کوردستان، هیچ سوودێکی دیکەی نییە و مێژوو شاهێدە، چەند ڕۆژێکە ئەنجامی هەڵبژاردنتان بینیوە و خەڵکی کوردستان هۆشیارە، بۆیە وا باشترە کە ماڵتان لە شوشەیە، بەرد لە ماڵی کەسی دیکە نەگرن.

 
Fly Erbil Advertisment