ئاری نانەکەلی: هەرکییەکان زۆر لەوە هۆشیارترن بۆ مەرامی سیاسی بەکار بهێنرێن
دروشمی ئەمڕۆی هەرکییەکان: ئێمە هەرکین دژی پیلان و حەشد و یەکێتین
بەرپرسی لقی 16ـی پارتی دەڵێت: دەستێکی دەرەکی دەیویست پشێوی لە سنووری خەبات دروست بکات و دۆخەکە تێک بدات. گوتیشی: خەڵکی هەرکی زۆر لەوە هۆشیارترن بۆ مەرامی سیاسی بەکار بهێنرێن.
دووشەممە، 1ـی کانوونی یەکەمی 2025، ئاری نانەکەلی، بەرپرسی لقی 16ـی پارتی دیموکراتی کوردستان، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: زۆر سوپاسی دانیشتووانی قەزای خەبات، بە تایبەتی هەرکییەکان دەکەم، کەنەیانهێشت گرژی و پشێوی لە ناوچەکە دروست بێت، ڕێگرییان لە پیلانی ناحەزان کرد.
بەرپرسی لقی 16ـی پارتی دەڵێت: "هەرکییەکان زۆر دڵسۆزن و زۆر لەوە هۆشیارترن بە کار بهێنرێن، هەروەها هەرکییەکان ئەمڕۆ ئەم دروشمەیان دەگووتەوە، ئێمە هەرکین دژی پیلان، حەشد و یەکێتین".
هاوکات جەختی لەوە کردەوە، ئاشکرایە کە دەستێکی دەرەکی دەیویست پشێوی لە ناوچەکە دروست بکات و دۆخەکە تێک بدات، بەڵام خۆشبەختانە ئامانجی گڵاویان سەری نەگرت.
نانەکەلی گوتی: دوژمنانی گەلی کوردستان چاویان بەو ئەزموون و پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان هەڵنایەت، هەمیشە هەوڵی دروستکردنی پشێوی دەدەن، بۆ مەرامی سیاسیی خۆیان، بەڵام بە هیچ شێوەیەک مەرامی ناحەزان لەو سنوورە نایەتە دی.
بەرپرسی لقی 16ـی پارتی، پەیامێکی ئاراستەی یەکێتی و مێدیاکانی ئەو حزبە کرد و ئاماژەی بەوە دا، وا دەزانن هەنگوینیان لە دار دۆزیووەتەوە، لە ڕابردووشدا چەند جارێک خۆیان تاقیکردووەتەوە و سەرکەوتوو نەبوونە، بۆیە دەبێت ئەو حزبە و هەندێک خەڵک لە مووسڵ کە هەوڵی پشێوییان دەدا، خەونەکانیان ببەنە ژێر گۆڕ.
