هەڵمەتێکی تەندروستی بۆ چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندرا

لە دهۆک هەڵمەتی پشکنینی تەندروستی بۆ سزادراوانی چاکسازییەکان ڕاگەیەندرا و یەک هەفتە بەردەوام دەبێت.

ڕۆژی سێشەممە 2ی کانوونی یەکەمی 2025، ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هەڵمەتێکی پشکنینی تەندروستی بۆ چاکسازییەکانی دهۆک ڕادەگەیەنین و بەهیواین بتوانین خزمەتێکی باش بە چاکسازییەکان بکەین.

گوتیشی: هەڵمەتەکە بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی دهۆک هەفتەیەک بەردەوام دەبێت، کە جیا لە پشکنینی تەندروستی، دابینکردنی کەلوپەل و دەرمان پێداویستییەکانی دیکەی تەندروستی لەخۆ دەگرێت.

ئیحسان عەبدولڕەحمان ئاماژەشیدا، سەرەتا پرۆسەی پاککردنەوە و دژە بەکتریا بۆ چاکسازییەکان و پاشان پشکنین بۆ تەندروستی سزادراوان دەکرێت، ئەوانەشی نەخۆشن و پێویستیان بە چارەسەر هەیە، لەلایەن پزیشکی تایبەتەوە دەبینرێن و پێداویستی دەرمان و جلوبەرگ بۆ سزادراوان دابین دەکرێت.

هەروەها بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان ستایشی ڕۆڵی ڕێکخراوی نەرویجی و ڕێکخراوی پاوی کرد بۆ هاوکاری کردنیان لە دابینکردنی پێداویستییەکان بۆ زیندانیان.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment