ناتانیاهۆ داوای ناوچەی داماڵراو لە چەک دەکات
لە کاتێکدا سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل مەرجی دروستکردنی ناوچەیەکی داماڵراو لە چەک لەنێوان دیمەشق و جۆلان بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ سووریا دیاری دەکات، بەرپرسانی باڵای ئیدارەی ترەمپ هۆشدارییەکی توند دەدەنە ناتانیاهۆ کە هێرشەکانی بۆ سەر سووریا ڕابگرێت، چونکە بەردەوامیی ئەو دۆخە مەترسیی "خۆلەناوبردن"ی بۆ ئیسرائیل هەیە و هیواکانی ئاشتی لەبار دەبات.
سێشەممە 2ی کانوونی یەکەمی 2025، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ڕایگەیاند، ئەگەر نیازێکی باش هەبێت و تێگەیشتن لە بنەماکانی ئێمە هەبێت، ئەوا ئەگەری هەیە لەگەڵ سووریا ڕێک بکەوین.
دەشڵێت: چاومان لەوە حکوومەتی سووریا ناوچەیەکی لە چەکداماڵراو لە دیمەشقەوە تاوەکوو چیای جۆلان دابمەزرێنێت.
پێگەی هەواڵی ئەکسیۆسی ئەمەریکی لە زاری دوو بەرپرسی باڵای وڵاتەکەی بڵاوی کردووەتەوە، ئیدارەی ترەمپ نیگەرانە لەوەی هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل لە ناو سووریا مەترسی تێکدانی سەقامگیری وڵاتەکە و لەباربردنی هیواکانی ڕێککەوتنی ئەمنی نێوان ئیسرائیل و سوریای لێ بکەوێتەوە.
یەکێک لەو بەرپرسانە گوتی: ئێمە هەوڵ دەدەین بە ناتانیاهۆ بڵێین کە دەبێت ئەمە ڕابگرێت، چونکە ئەگەر بەردەوام بێت ئەوا خۆی لەناو دەبات؛ هاوکات بەرپرسانی ئەمەریکا ڕوونیان کردەوە، پێیان وایە ناتانیاهۆ بە شێوەیەکی زۆر خراپ دەستوەردان دەکات.
دوێنێ دووشەممە نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو، ناتانیاهۆ و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بە تەلەفۆن قسەیان کردووە و ناتانیاهۆ بانگهێشتی کۆشکی سپی کراوە.
هەر دوێنێ دۆناڵد ترەمپ، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) نووسیبووی: زۆر گرنگە ئیسرائیل گفتوگۆیەکی بەهێز و ڕاستەقینە لەگەڵ سووریا بپارێزێت و هیچ شتێک ڕوو نەدات کە ببێتە ڕێگر لەبەردەم هەوڵەکانی ئەو وڵاتە بۆ ئاوەدانکردنەوەی، هەروەها ئەو دوو وڵاتە پەیوەندییەکی درێژخایەن و ئاوەدانیان پێکەوە دەبێت.
