ئێران داوای 22 ملیار دۆلار قەرەبوو لە ئەمەریکا دەکات

گوتەبێژی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران ڕایگەیاند، دادگایەکی ئێران داوای لە ئەمەریکا کردووە بڕی 22 ملیار دۆلار قەرەبوو بدات، بە تۆمەتی ئەوەی گوایە پشتیوانیی لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ساڵی 2022 کردووە.

سێشەممە 2ی کانوونی یەکەمی 2025، ئەسغەر جەهانگیر، گوتەبێژی دەسەڵاتی دادوەری لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هەفتانەدا گوتی: ئەمەریکا لە زۆرێک لەو ڕووداوانەی لە وڵاتەکەمان ڕوو دەدەن تێوەگلاوە، بە تایبەت لە گردبوونەوەکانی ساڵی 2022.

دەشڵێت: دادگایەکی تاران داوای لە حکوومەتی ئەمەریکا کردووە بەهۆی پێشکەشکردنی پشتیوانیی ماددی و مەعنەوی خۆپیشاندانەکانی 2022 دەبێت زیاتر لە 22 ملیار دۆلار بدات.

گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی بووە هۆی خۆپیشاندانێکی فراوان کە بۆ ماوەی چەندین مانگ بەردەوام بوو، تێیدا سەدان کەس کوژران، لەنێویاندا دەیان کارمەندی هێزە ئەمنییەکان، هەروەها هەزاران کەس دەستگیرکران کاتێک دەسەڵاتداران هەوڵی کۆنترۆڵکردنی دەدا.

بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا، لە تشرینی یەکەمی 2022دا، واشنتن سزای بەسەر لانی کەم 10 بەرپرسی ئێرانیدا سەپاند بەهۆی شێوازی مامەڵەکردنیان لەگەڵ خۆپیشاندانەکان، هەروەها لە ساڵی 2024دا سزای بەسەر ژمارەیەکی دیکەدا سەپاند کە تۆمەتباربوون بە پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کاتی ئاڵۆزییەکاندا.

لە ئەیلوولی 2022، دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، کچە کوردێکی تەمەن 22 ساڵ لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا، خۆپیشاندانی سەرانسەری سەریهەڵدا. ناوبراو بە تۆمەتی پێشێلکردنی یاسا توندەکانی کۆماری ئیسلامی تایبەت بە جلوبەرگی ژنان دەستگیر کرابوو.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment