نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە ئیسرائیل دەکات لە بەرزاییەکانی جۆلان بکشێتەوە

کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارنامەیەکی پەسەند کرد، کە تێیدا بەردەوامیی داگیرکاری و لکاندنی بەرزاییەکانی جۆلانی سووریا لەلایەن ئیسرائیلەوە بە "نایاسایی" ناساند و داوای کشانەوەی کرد بۆ هێڵی 4ـی حوزەیرانی 1967.

ڕەشنووسی بڕیارنامەکە لەلایەن میسرەوە ئامادە کرابوو، بە 123دەنگی بەڵێ، 7 دەنگی نەخێر و 41 دەنگی بێلایەن پەسەند کرا.

بڕیارنامەکە بڕیارەکەی 14ـی کانوونی دووەمی 1981ـی ئیسرائیل، کە یاسا و دەسەڵاتی دادوەری و ئیدارەی خۆی بەسەر جۆلانی داگیرکراوی سووریادا سەپاندووە، بە "پووچەڵ و بێ بنەمای یاسایی" لەقەڵەم دەدات.

هەروەها بڕیارنامەکە "جەخت لە داواکارییەکەی دەکاتەوە بۆ ئەوەی ئیسرائیل لە تەواوی جۆلانی داگیرکراوی سووریا بکشێتەوە بۆ هێڵی 4ـی حوزەیرانی 1967، ئەوەش وەک جێبەجێکردنی بڕیارنامە پەیوەندیدارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش" و دووپاتی دەکاتەوە کە بەردەوامیی داگیرکاری و لکاندنی جۆلانی سووریا "کۆسپە لە بەردەم گەیشتن بە ئاشتییەکی دادپەروەر، گشتگیر و بەردەوام لە ناوچەکەدا".

جەدعۆن سەعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل مانگی ڕابردوو ئاماژەی بەوە دا، وڵاتەکەی "بەرژەوەندیی" لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سووریا و لوبناندا هەیە، بەڵام جەختی لەوەش کردەوە بەرزاییەکانی جۆلانی داگیرکراوی سووریا وەک "بەشێکی دانەبڕاوی" ئیسرائیل دەمێننەوە لە هەر ڕێککەوتنێکی ئاشتیی ئەگەریدا.

 
Fly Erbil Advertisment