ئۆباما: کاتێک بایدن دەچێتە کۆشکی سپی، رووبەڕووی ئەو چوار ئاستەنگە دەبێتەوە

ئۆباما پەیامی پیرۆزبایی لە بایدن بڵاوکردەوە

 K24 - هەولێر

باراک ئۆباما پیرۆزبایی سەرکەوتن و بوون بە سەرۆکی ئەمەریکا لە جۆ بایدن دەکات و، دەڵێ "زۆر شانازی دەکەم بە بوونت بە سەرۆکی داهاتوومان، هەروەها بوونی جیل بە خانمی یەکەمی ئەمەریکا". لە هەمان کاتدا باسی ئاستەنگەکانی بەردەمی دەکات.

دوای راگەیاندنی سەرکەوتنی جۆو بایدن، کاندیدی دیموکراتەکان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا شەوی رابردوو، باراک ئۆباما، کە لەماوەی هەشت ساڵی سەرۆکایەتیدا لە 2008 بۆ 2016 بایدن جێگری بوو، پەیامێکی پیرۆزبایی لە بایدن بڵاوکردەوە.

ئۆباما، یەکێک بوو لەوانەی بەشداری لە کەمپەینی هەڵبژاردنی بایدن کرد و لە چەندین شوێن بانگەشەی بۆ دەکرد، لە پەیامەکەیدا دەڵێ "لەو رەوشەدا کە پێشتر هەرگیز رووینەداوە، ئەمەریکییەکان بە ژمارەی بێشوومار و بێپێشینە (دەنگیان دا). لەکاتێکیشدا سەرجەم دەنگەکان جیادەکرێنەوە، سەرۆکی هەڵبژێردراو، جۆ بایدن و هاریس، جێگری سەرۆکی هەڵبژێردراو سەرکەوتنکی مێژوویی تۆماردەکەن".

لە هەمان کاتدا سەرۆکی پێشووتری ئەمەریکا نایشارێتەوە ئەو دەمەی بایدن تێیدا دەبێتە سەرۆکی ئەمەریکا، دەمێکی ئاسایی نییە، ئۆباما باس لەوە دەکات "کاتێک بایدن دەچێتە کۆشکی سپی لە مانگی کانوونی دووەم، رووبەڕووی زنجیرەیەک ئاستەنگ دەبێتەوە، کە هیچ سەرۆکێکی دیکە لەکاتی بوون بە سەرۆک رووبەڕوویان نەبووەتەوە، ئەوانیش: پەتایەکی جیهانی، ئابوورییەکی نایەکسان، سیستەمی داد و دیموکراسی کە لە ریسکدان لەگەڵ کەشوهەوایەک کە لە خەتەردایە".

 

Fly Erbil Advertisment