لەسەر سنووری عێراق هەوڵێکی قاچاخچێتیی ماددەی هۆشبەر بە باڵۆن پووچەڵکرایەوە
لەسەر سنووری عێراق هەوڵێکی قاچاخچێتیی 18 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر بە باڵۆن پووچەڵکرایەوە.
فەرماندەیی هێزەکانی پاراستنی سنوور لە ڕۆژئاوای پارێزگای ئەنبار، پووچەڵکردنەوەی هەوڵێکی گواستنەوەی بڕێکی زۆر ماددەی هۆشبەری ڕاگەیاند. قاچاخچییەکان 18 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەریان لە باڵۆنێکدا جێگیر کردبوو. ئەوان دەیانویست باڵۆنەکە بە ئاسماندا بنێرنە سەروو کەرتی سنووریی ڕۆژئاوای پارێزگاکە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، قاچاخچییەکان هەوڵی گواستنەوەی 98 کیسەیان داوە. هەر کیسەیەک هەزار حەبی ماددەی هۆشبەری تێدابووە. هێزەکانی سنوورپارێز دەستیان بەسەر تەواوی کەرەستەکاندا گرتووە و ڕێکاری یاسایی پێویستیان گرتووەتەبەر.
دیاردەی بەقاچاخبردنی ماددە هۆشبەرەکان لە سنوورەکانی عێراق، بەتایبەت لە پارێزگای ئەنبار، بووەتە کێشەیەکی بەرچاو.
قاچاخچییەکان پەنا بۆ ڕێگەی جیاواز و نوێ دەبەن بۆ گواستنەوەی ماددەکان، یەکێک لەوانە بەکارهێنانی باڵۆنی هەواییە. ئەم شێوازە ناتەقلیدییە وای کردووە هێزە ئەمنییەکان چاودێرییەکانیان چڕتر بکەنەوە بۆ ڕێگریکردن لەم جۆرە هەوڵانە.
حکوومەتی عێراق هەوڵەکانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان چڕکردووەتەوە و لە ماوەی ڕابردوودا دەست بەسەر بڕێکی زۆر ماددەی هۆشبەردا گیراوە و چەندان تۆڕی بازرگانیی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی هەڵوەشێندراونەتەوە. هاوکات، هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، وەک سووریا، بۆ پووچەڵکردنەوەی هەوڵە هاوبەشەکانی قاچاخچێتی زیاد بووە.
سەرەڕای ئەم هەوڵانە، بەهۆی ناسەقامگیریی ناوچە سنوورییەکان، عێراق هێشتا وەک ڕێڕەوێکی گرنگ بۆ گواستنەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە ناوچەکەدا سەیر دەکرێت.
