ئیسرائیل: لە ڕۆژانی داهاتوودا دەروازەی ڕەفەح بەڕووی هاووڵاتییانی غەززە دەکرێتەوە

حکوومەتی ئیسرائیل دەروازەی ڕەفەحی نێوان فەڵەستین و میسر بەڕووی هاووڵاتییانی غەززە دەکاتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 3ـی کانوونی یەکەمی 2025، یەکەی هەماهەنگی کارەکانی حکوومەتی ئیسرائیل لە خاکی فەڵەستین (کۆگات) ڕایگەیاند، دەروازەی ڕەفەح لە ڕۆژانی داهاتوودا دەکرێتەوە و  تەنیا ڕێگە بە چوونەدەرەوەی دانیشتوانی غەززە بۆ میسر دەدرێت، ئەوەش بە گوێرەی ڕێککەوتنی ئاگربەست کە لە کەرتەکەدا جێبەجێ دەکرێت.

یەکەی هەماهەنگی کارەکانی حکوومەتی ئیسرائیل لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس ڕایگەیاند: "بە گوێرەی ڕێککەوتنی ئاگربەست و ڕاسپاردەی ئاستی سیاسی، دەروازەی ڕەفەح لە ڕۆژانی داهاتوودا بەشێوەیەکی تایبەت بۆ دەرچوونی دانیشتوانی کەرتی غەززە بۆ میسر دەکرێتەوە".

ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەم هەنگاوە بە هەماهەنگی لەگەڵ قاهیرە و نێردەی یەکێتیی ئەورووپا، کە بەشداری دەکات لە سەرپەرشتیکردنی دەروازەکە، ئەنجام دەدرێت.

کۆگات ئەوەشی خستەڕوو کە دەروازەکە لەژێر سەرپەرشتی نێردەی یەکێتیی ئەورووپا بۆ هاوکاری سنووری لە دەروازەی ڕەفەح (EUBAM) کاردەکات، "هاوشێوەی ئەو میکانیزمەی کە لە کانوونی دووەمی 2025 کاری پێکرا"، کاتێک بۆ ماوەیەکی کورت لە میانەی ئاگربەستێکی شەش هەفتەییدا لە جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس دەروازەکە کرایەوە.

سەرچاوە دیپلۆماسییەکانی ئەورووپا بە ئاژانسی فرانس پرێسیان ڕاگەیاند، ئەوان ئامادەکارییان دەکرد بۆ کردنەوەی دەروازەکە بۆ هاتوچۆی پیادە لە 14ـی تشرینی یەکەمدا، واتە چەند ڕۆژێک دوای جێبەجێکردنی ئاگربەستەکە، پێش ئەوەی ئەو هەنگاوە دوابخرێت.

کردنەوەی دەروازەکە یەکێکە لەو بەندانەی لە پلانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکادا هاتبوو و بووە هۆی ڕێککەوتن لەسەر ڕاگرتنی ئەو جەنگەی کە لە کەرتەکەدا دوای هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023 هەڵگیرسا. هەروەها ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە مرۆییە ناحکوومییەکان بەردەوام داوای کردنەوەیان کردووە.

هێزەکانی ئیسرائیل لە 7ـی ئایاری 2024 کۆنترۆڵی دەروازەکەیان لەبەری فەڵەستین کرد و ڕایانگەیاند دەروازەکە " بۆ مەبەستی تیرۆریستی" بەکارهاتووە.

دەروازەی ڕەفەح بۆ ماوەیەکی کورت لە میانەی ئاگربەستێکی کورتی نێوان ئیسرائیل و حەماس کە لە 19ـی کانوونی دووەم چووە بواری جێبەجێکردنەوە، کرایەوە و سەرەتا ڕێگە بە تێپەڕبوونی ئەو کەسانە دەدرا کە مۆڵەتی جێهێشتنی غەززەیان هەبوو، دواتریش ڕێگە بە تێپەڕبوونی بارهەڵگرەکان درا.

دەروازەی ڕەفەح بە خاڵێکی چوونە ژوورەوەی گرنگ دادەنرێت بۆ کارمەندانی بواری مرۆیی و بارهەڵگرەکانی گواستنەوەی کۆمەک و خۆراک و سووتەمەنی. دەروازەکە بۆ ماوەیەکی درێژ دەرچەی سەرەکی دانیشتووانی غەززە بوو کە ڕێگەیان پێدرابوو کەرتەکە جێبهێڵن، بەڵام لە ساڵی 2007ـەوە لەلایەن ئیسرائیلەوە گەمارۆ دراوە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment