دیموکراتەکان ئامادەیی خۆیان بۆ شەڕی یاسایی لەدژی ترەمپ دەردەبڕن
کامپەینی بایدن: هەوڵەکانی ترەمپ بۆ راگرتنی ژماردنی دەنگەکان پێشینەی نییە

K24 - هەولێر
تیمی یاسایی جۆ بایدن، کاندیدی دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتیی ئەمەریکا ئامادەیە لە دادگای باڵا رووبەڕووی ترەمپ ببێتەوە ئەگەر رێگری بکات لە ژماردنی دەنگەکان.
لە بەیاننامەیەکی بەپەلەدا، تیمی هەڵبژاردنی جۆو بایدن، وەڵامی تۆمەتەکانی کەمێک پێش ئێستای دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکای دایەوە، کاتێک تۆمەتی ساختەکاریی خستە پاڵ دیموکراتەکان و گوتی "دەچینە دادگای باڵا بۆ رێگریکردن لەو ساختەکارییە".
لە بەیاننامەکەی تیمی کامپەینی بایدندا هاتووە "ئەگەر سەرۆک بەردەوام بێت لە هەڕەشەکەی و بچێتە دادگا بۆ ئەوەی رێگە لە ژماردنی تەواوی دەنگەکان بگرێت، ئەوا ئێمە تیمێکی یاساییمان هەیە، کە ئامادەن بۆ رێگەگرتن لەو هەنگاوە و بەدڵنیاییەوە رێگریشی لێدەکەن".
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هەروەها هاتووە "هەوڵەکانی ترەمپ بۆ راگرتنی ژماردنی دەنگەکان پێشینەی نییە (لە مێژووی ئەمەریکادا) و مایەی شەرمەزارییە".