له‌ كه‌ناری ڕووباری فورات زێده‌ڕۆیی ده‌كرێت و ڤێلا و باخ دروست ده‌كرێت

ڕووباری فورات وەک یەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی ژیان لە پارێزگای زیقار ڕووبەڕووی زیادەڕەویی بووتەوە لەلایەن بەرپرسان و کەسانی دەست ڕۆشتووەوە.

هاووڵاتیان دەڵێن؛ بەرپرسانی حزب و حکوومی لە رۆخی ڕووباری فورات باخ و ڤێلا دروستدەکەن، کە لە بنەڕەتدا کەناری ڕووبار ناوچەی قەدەغەکراوە و نابێت بەهیچ جۆرێک زیادڕەویی بکرێتەسەر.

دانیشتووانی شاری ناسریە و  بەشێک لە گوندەکانی کەناری فورات نیگەرانن لەو زیادەڕۆییانەی کراونەتە سەر ڕووباری فورات. دەڵێن: ڕووبارەکە جوانی لەدەستداوە، هەروەها ڕووبەری بەکارهێنانیشی کەم بووەتەوە.

داواش دەکەن، سنوورێک بۆ ئەو دەستدرێژیانەی دەکرێنەسەر ڕووباری فورات بەناوی لایەنی حکوومیەوە دابنرێت، کە ئامانجیان بەرژوەندیی کەسیە.

هاووڵاتییەکی زیقار بە کوردستان24 دەڵێت: زیادەڕەوی بۆسەر دەوروبەری ڕووباری فورات بەتەواوی ڕەتدەکەینەوە، چونکە بەگوێرەی یاسا ئەو ناوچانە قەدەغەکراون. بەڵام بەمدواییانە تێبینی زیادەڕەویمان کردووە بۆسەر ڕووبارەکە لەلایەن بەرپرسانەوە بۆ دروستکردنی باخچە و سەوزایی.

هاووڵاتییەکی دیکە دەڵێت: ئەوەی دەکرێت پێویستی بە بەدواداچوونی جددی لایەنی حکوومەتی هەیە بۆ ئەوەی ڕێگریی لەو بەرپرس و لایەنانە بکرێت کە زیادەڕەویی دەکەنەسەر ڕووباری فورات.

لای خۆیەوە حکوومەتی خۆجێی دووپاتیدەکاتەوە؛ زیادەڕەوی بۆسەر فورات تەنها لەچوارچێوەی زیانگەیاندن بە ژینگە ناوەستێتەوە، بەڵکو پێشێلکردنی ڕاستەوخۆی یاسای پاراستنی ڕووبارەکانە. لایەنی پەیوەندیدار دەشڵێت؛ سکاڵا دژی زیادەڕەوییەکانی سەر ڕووباری فورات تۆماردەکەن. ئەم سکاڵایە دەبێتە هۆکاری لابردنی زیادڕەوییە نایاسایەکان و گەڕاندنەوەی ناوچەکە بۆ دۆخی سروشتیی خۆی.

سەلامە سەرهید، یاریدەدەری پارێزگاری زیقار ئاماژەی بەوەشدا، ئەوەی پەیوەستە بە زیادەڕەوییەکانی سەر ڕووباری فورات و ڕووبارەکانی دیکە، ڕێنمایی توند لەلایەن وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوەوە هەیە بۆ ئەوەی زیادەڕەوییەکان هەڵبگیرێن. ئەوەی هەیە دروستکردنی خانوو، یاخود باخچە و حەوزی ماسییەوە، بەڵام هەموویان بەگوێرەی یاسا کراون.

لەنێوان ڕێکارە حکوومییەکان و جێبەجێکردنیان،خەڵک دەڵێن؛ ڕووباری فورات لە زیقار بووەتە قوربانی ململانێی نێوان وەبەرهێنانی خراپ و مافی گشتیی و پاراستنی سەرچاوەئاوییەکان وەکو میراتێکی مێژوویی.