مرۆڤخۆرێک دەستگیرکرا

دوای كوشتنی كەسێك تەرمەكەی خواردووە

K24 - بەرلین

دوای دۆزینەوەی تەرمی پیاوێک کە ماوەی دوو مانگ بوو لە شاری بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا بێسەروشوێن ببوو، داواکاری گشتی ئاماژە بە ئاشکرابوونی تاوانێکی مرۆڤخۆری دەکات.

رۆژنامەی بیڵدی ئەڵمانی بڵاوی کردووەتەوە، کە ئەو پیاوەی بێسەروشوێن بووە قوربانی دەستی کەسێکە مرۆڤخۆرە، دوای کوشتنی خواردویەتی و تاوانبارەکەش ئاشکرا بووەو دەستگیرکراوە.

بەپێی زانیارییەکان، تاوانبارەکە مامۆستای وانەی بیرکاری و کیمیا بووە لە قوتابخانەیەکی شاری بەرلین و لە رێگەی گرووپ چاتی هاوڕەگەزخوازانەوە پەیوەندی لەگەڵ قوربانییەکەیدا دروستکردووە.

تاوانەکە دوای دۆزینەوەی پارچە ئێسکی قوربانییەکە لە دارستانێک ئاشکرابوو، کە تەمەنی 44 ساڵە و کاری کرێکاری دەکات و نیوە شەو دوای دەرچوونی لە ماڵەکەی شوێنبزر بووە.

داواکاری گشتی بەرلین ئاشکرای کردوە، دوای پشکنینی ماڵی تاوانبارەکە عارەبانەیەک و ساردکەرەوەیەکی گەورەی بەتاڵ لە ژێرزەمینەکەیدا دۆزراونەتەوە.

Fly Erbil Advertisment