ئەنجوومەنی ئاسایش لە دیمەشق نەخشەڕێگای سووریای نوێ دادەڕێژێت
بۆ پشتیوانیکردن لە قۆناغی گواستنەوەی دەسەڵات و کردنەوەی دەرگاکانی جیهان بە ڕووی دیمەشقدا، شاندێکی باڵای ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە ڕێگەی دەروازەی سنووریی جەدیدە یەبووسەوە گەیشتنە خاکی سووریا و لەلایەن ئەحمەد شەرع سەرۆکی قۆناغی گواستنەوە و بەرپرسانی باڵای وڵاتەوە پێشوازییان لێ کرا.
شاندەکە بە مەبەستی بینینی دیمەنە تراژیدییەکانی جەنگ و ئەو کاولکارییەی بەسەر ژێرخانی وڵاتەکەدا هاتووە، سەردانی گەڕەکی جۆبەری دیمەشقیان کرد کە سیمبولی وێرانکارییەکانە.
دواتر بە ناوچە مێژووییەکانی دیمەشقی کۆندا گەڕان، لە میانەی دیدارەکانیاندا سەرۆکی شاندەکە ئاماژەی بەوە دا، ئامانجی سەرەکییان گەیاندنی پەیامی هاوسۆزیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە بۆ سووریای نوێ و بەڵێنی ئەوەیان دا کە، ئەنجوومەنی ئاسایش بە هەموو توانا و ئەزموونی خۆیەوە، شانبەشانی گەلی سووریا بوەستێت بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان و بونیاتنانەوەی داهاتوویەکی باشتر.
هەروەها لە دیدارەکاندا لەگەڵ نوێنەرانی کۆمەڵگەی مەدەنی و حکوومەت، تاوتوێی دۆسیە هەستیارەکانی وەک ئاوەدانکردنەوەی وڵات و ڕەخساندنی زەمینە بۆ گەڕانەوەی ئاوارە و پەنابەرانیان کرد.
