"دوو پرۆفیسۆرەکەی لە ئەڵمانیا ڤاکسینی کۆرۆنایان دروستکردووە، کوردن"

سەرۆکی بەشی فریاکەوتن لە بەرلین: 70 بۆ 80 کورد لە ئاهەنگێکدا لە ئەڵمانیا تووشی کۆرۆنا بوون

K24 - هەولێر

دوو پرۆفیسۆری کۆمپانیای بایۆنتێک، ئەو کۆمپانیا ئەڵمانییەی بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای فایزەر ڤاکسینێکی کۆرۆنایان بەرهەمهێناوە، ژن و مێردن و هەردووکیان "کوردی عەلەوین".

د. ئەکرەم ناسان، سەرۆکی بەشی فریاکەوتن لە بەرلین لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 سەبارەت بە دوایین زانیارییەکان لەبارەی ڤاکسینی کۆرۆنا میوان بوو. پێشبینی خۆی لەبارەی کاتی بەردەستبوونی ڤاکسینەکە راگەیاند و باسی لە کۆمەڵێک کوردی کرد کە لە ئاهەنگێکدا لە ئەڵمانیا بوونەتە هۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، لەبارەی دوو پرۆفیسۆرەکەی بایۆنتێکیش گوتی "ئەمانە کوردی عەلەوین".

د. ئەکرەم، باسی چەند لێکۆڵینەوەیەکی زانستیی کرد لەبارەی ئەو دوو ڤاکسینەی لە هەفتەی رابردوو بۆ کۆرۆنا راگەیەنران، یەکێکیان لەلایەن کۆمپانیای مۆدێرنا و ئەوەی دیکەش لەلایەن کۆمپانیای فایزەر و بایۆنتێک و، گوتی "ئەو ڤاکسینانە هەردووکیان کار لەسەر نەهێشتنی نیشانەکانی کۆرۆنا و کەمکردنەوەی ماوەی تووشبوون دەکەن".

لەبەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، دکتۆر ئەکرەم هۆشیاری دا لەوەی ئەو ڤاکسینەی کۆمپانیای فایزەر و بایۆنتێکی ئەڵمانی بەرهەمی دەهێنێت، بەهۆی ئەوەی پێویستی بە 70 پلەی ژێر سفری سیلیزییە تاوەکو خەزن بکرێت، ناتوانرێت لە کوردستان و وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەست بێت، "چونکە ئەگەر بشنێردرێت، کەرەستەی بەردەست نییە لەو پلەی گەرمییە نزمەدا هەڵیبگرێت".

باشترین چارەسەر تائێستا بۆ کۆرۆنا، بە گوتەی ئەو پزیشکە کوردەی بەرلین، ئەوەیە؛ خەڵک هۆشیار بکرێنەوە. ئەو باسی بابەتێکیشی کرد کە لەو ماوەیەدا لە ئەڵمانیا روویداوە، ئاماژەی بەوە دا، بۆ نموونە "لە شاری ئاڵدنبۆرگ لە ئەڵمانیا، کوردی ئێمە ئاهەنگێکیان هەبووە، 300 کەس کۆبوونەتەوە و دەف و زوڕنایان لێداوە، هەر لەوێ 70 بۆ 80 کەسیان بەیەکەوە تووشی کۆرۆنا بوون".

لە کۆمپانیای بایۆنتێکی ئەڵمانی ژن و مێردێک ڤاکسینی کۆرۆنایان دروستکردووە، هەواڵی ئەوە بڵاوبووەتەوە ئەو دوو هاوسەرە تورکن، بەڵام د. ئەکرەم دەڵێ "ئەو ژن و مێردە (ئۆزلەم تورەجی و ئوگوور ساهین) ، هەردووکیان پرۆفیسۆرن، تورکیش نین، بەڵکو یەکێکیان خەڵکی ئەسکەندەرۆنەیە و ئەوەی دیکەشیان خەڵکی مەڵەتەیە، هەردووکیان کوردی عەلەوین و لەکاتی کۆمەڵکوژیی سێواسدا دایک و باوکیان هاتوونەتە ئەڵمانیا".

هـ.ر.

Fly Erbil Advertisment