داعش هێرشێکی لە ئەفغانستان ئەنجامدا
کوژراو و بریندار هەیە
K24- هەولێر:
چەند مووشەکێک لە چەند ناوچەیەکی مەدەنی لەکابوولی ئەفغانستان کەوتنەوە خوارەوە، لانی کەم هەشت کەس گیانیان لەدەستدا و 31 دیکەش بریندار بوون.
بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی فرانس پرێس، داعش بەرپرسیارەتی هێرشەکەی گرتووەتەوە ئەستۆ.
تاریق ئاریان، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان لەوبارەوە رایگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی برینداربوون روو لە زیادبوونە و نەخۆشخانەکان بەردەوامن لە وەرگرتنی بریندارەکان.
راشیگەیاند، تیرۆرستان 14 مووشەکیان لە بارهەڵگرێکی بچووکەوە ئاراستەی کابوول کردووە و لە ئێستاشدا لێکۆڵینەوە لەوە دەکەن، ئەو ئۆتۆمبێلە چۆن هاتووەتەوە ناو کابول.
جیا لە زیانی گیانی، زیانی ماددی زۆریش بەر هاووڵاتیانی ناوچەکە کەوتووە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمەریکا بڕیاریداوە، تا کۆتایی ئەمساڵ هێزەکانی لە ئەفغانستان بکشێنێتەوە.