گەنجێکی شنگالی کارەبا بەبێ سووتەمەنی بەرهەم دەهێنێت
گەنجێکی داهێنەری خەڵکی شنگال، توانیویەتی چەند ئامێرێکی جیاواز بەرهەم بهێنێت، کە دیارترینیان بریتییە لە بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا بەبێ بەکارهێنانی هیچ جۆرە سووتەمەنییەک.
میهران قیرانی، ئەو گەنجە داهێنەرەیە کە لە شنگال دەژی، لەبارەی داهێنانەکەیەوە ڕایگەیاند: "ئەم ئامێرەی دروستم کردووە، جۆرێکە لە مۆلیدە کە بەبێ گاز و بەنزین کار دەکات، هیچ دەنگێکی نییە و هیچ تێچوویەکی ماددیشی ناوێت، لە ئێستادا توانای بەرهەمهێنانی 3 ئەمپێر کارەبای هەیە."
میهران ئاماژەی بەوەش کرد، پڕۆژەکەی تەنها لەمەدا سنووردار نابێت و گوتی: "دەتوانم پڕۆژەکە گەورەتر بکەم و پەرەی پێ بدەم تاوەکو بە ئاو کار بکات، بەڵام بۆ ئەم هەنگاوە پێویستم بە پاڵپشتیی دارایی هەیە، چونکە ئەوەی تا ئێستا کردوومە هەمووی لەسەر ئەرکی خۆم بووە."
جگە لە بەرهەمهێنانی کارەبا، میهران داهێنانێکی دیکەشی ئەنجام داوە کە بریتییە لە دەستکاریکردنی ئامێری مۆسیقی (تەموورە). ئەو دەڵێت لەسەر داواکاری چەند هونەرمەندێک ئامێرەکەی مۆدێرن کردووە و "بەکرەی ئۆتۆماتیکی" بۆ داناوە، کە بە دوگمە کۆنتڕۆڵ دەکرێت بۆ توندکردن و خاوکردنەوەی تەلەکان.
ئەو گەنجە داهێنەرە باسی لەوەش کرد، پێشتر ئامێرێکی بۆ خواردن و خواردنەوەی ئۆتۆماتیکی دروستکردووە و بڕوانامەی ڕێزلێنانی پێ بەخشراوە، بەڵام نیگەرانە لەوەی کە هیچ لایەنێک هاوکاری ماددی ناکات بۆ ئەوەی بتوانێت داهێنانەکانی بخاتە خزمەتی گشتییەوە.
