ئه‌ردۆغان داوا له هاووڵاتیانی ده‌كات پاره‌ی ژێر سه‌رینه‌كانیان بهێننه ده‌ره‌وه
تادێت رێژه‌ی هه‌ڵئاوسان روو له زیادبوون ده‌كات

K24- هه‌ولێر:
ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا داوای له هاووڵاتیانی وڵاته‌كه‌ی كرد، پاره گلدراوه‌كانی ژێر سه‌رینه‌كانیان بهێننه ده‌ره‌وه و بیخه‌نه بازاڕه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی ره‌وڕه‌وه‌ی ئابووری وڵاته‌كه‌یان به‌رده‌وام بێت.
ئه‌م گوتانه‌ی ئه‌ردۆغان له میانه‌ی به‌شداریكردنی له چالاكییه‌كانی دیداری كاری نێوده‌وڵه‌تی "موسیاد ئێكسپۆ 2020" له ئیسته‌نبوڵ هاتوون و گوتی: "ئه‌گه‌ر پاره‌ی ژێر سه‌رینه‌كان هه‌رچه‌ند كه‌م یان زۆر بێت، چ له‌ناوخۆی وڵات یان ده‌ره‌وه بێت، ده‌كرێت هاووڵاتیان ئه‌و پاره‌یه بهێننه ده‌ره‌وه و بیخه‌نه بازاڕه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی ئاسۆیه‌كی نوێ به وڵاته‌كه‌یان بده‌ن".
سه‌رۆك كۆماری توركیا ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "به‌رزكردنه‌وه‌ی قازانج له‌لایه‌ن بانكی ناوه‌ندییه‌وه بۆ 475 خاڵ، چاره‌سه‌رێكی تاڵه و ئامانج لێی بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵئاوسانه‌یه كه به درێژایی ساڵ رێژه‌كه‌ی 12% بوو".
گوتیشی: هه‌ڵئاوسان روو له داكشان ده‌كاته‌وه و دراویش سه‌قامگیری به‌خۆیه‌وه ده‌بینێت، ئه‌ردۆغان دیدگا ئابوورییه‌كه‌شی خسته روو و گوتی: نرخی قازانج بووه‌ته هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی رێژه‌ی هه‌ڵئاوسان.
دوای ئه‌وه‌ی لیره‌ی توركی له هاوینی رابردووه‌وه دابه‌زینێكی گه‌وره‌ی به‌خۆیه‌وه بینی، به‌رزكردنه‌وه‌ی قازانج به مه‌به‌ستی پشتیوانیكردن له نرخی لیره ئێستا گه‌یشتووه‌ته به‌رزترین ئاست، به‌مه‌ش تادێت رێژه‌ی هه‌ڵئاوسان له‌و وڵاته روو له زیادبوون ده‌كات.
H.B