پێکدادانی سوپای پاکستان و چەکدارانی تاڵیبان چوار کوژراوی لێ کەوتەوە

ماڵێکی بۆمبارانکراو لە ویلایەتی قەندەهاری ئەفغانستان. وێنە (فرانس 24)
ماڵێکی بۆمبارانکراو لە ویلایەتی قەندەهاری ئەفغانستان. وێنە (فرانس 24)

لە ئەنجامی پێکدادان لە نێوان سوپای پاکستان و هێزەکانی تاڵیبان، چوار کەس کوژران و ژمارەیەکیش بریندار بوون.

شەممە، 6ـی کانوونی یەکەم، 2025، ئاژانسی هەواڵی 'فرانس 24' بڵاوی کردەوە "بەرپرسێکی خۆجێی ناوچەی سپین بۆڵدەکی ئەفغانستان، ڕایگەیاند، شەوی ڕابردوو، لە ئەنجامی پێکدادان لە نێوان سوپای پاکستان و هێزەکانی تاڵیبان لەسەر سنووری هەردوو وڵات، چوار کەس کوژران و ژمارەیەکیش بریندار بوونە."

پێکدادانەکەی شەوی ڕابردوو نیشانەی هەڵکشانی نوێی گرژییەکانە لە ناوچە سنوورییەکانی ئەو دوو وڵاتەدا.

دەسەڵاتدارانی تاڵیبان لە ئەفغانستان و حکوومەتی پاکستان ڕۆژی هەینی یەکتریان تۆمەتبار کرد بە دەستپێکردنی ئەم هێرشە ناڕەوایە! و بە پێشێلکاریی ئاگربەستەکەی نێوانیان لە قەڵەم دا کە لە مانگی تشرینی یەکەمی ڕابردوودا لەسەری ڕێککەوتبوون.

زەبیحوڵڵا موجاهید، گوتەبێژی حکوومەتی تاڵیبان، لە پلاتفۆرمی ئێکس، ڕایگەیاند "بەداخەوە، ئەم ئێوارەیە سوپای پاکستان بۆمبارانی ناوچەی سپین بۆڵدەک لە ویلایەتی قەندەهار کرد و هێزەکانی ئیمارەتی ئیسلامیی ئەفغانستان ناچار بوون بەرپەرچیان بدەنەوە."

موجاهید، هیچ وردەکارییەکەی سەبارەت بە زیانەکانی ئەو هێرشە بڵاو نەکردوە.

 لە لایەکی ترەوە، موشەرەف زەیدی، گوتەبێژی سەرۆک وەزیرانی پاکستان، لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی ئێکس نووسیویەتی "ڕژێمی تاڵیبانی ئەفغانستان، لەسەر سنوور تەقەیان لە هێزەکانمان کردووە و هێزە چەکدارەکانمان دەستبەجێ بە توندی بەرپەرچیان دایەوە."

بەپێی گوتەی دانیشتوانی ناوچەکە، پێکدادانەکان نزیکەی کاتژمێر 22:30 بە کاتی ئەفغانستان، دەستیان پێ کرد و نزیکەی دوو کاتژمێری خایاند.

 عەلی محەممەد حەقماڵ، سەرۆکی بەشی ڕاگەیاندن لە پارێزگای قەندەهار،  لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی فرانس24، گوتی: پاکستان، بە هاوەن تۆپی قورس ماڵی هاووڵاتیانی مەدەنی بۆمباران کردووە. 

پەیوەندییەکانی ئەفغانستان و پاکستان لە مانگەکانی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو تێکچوون و لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەکەمی ڕابردوودا، لە ئەنجامی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی چەکداریی توند،نزیکەی 70 کەس لە هەردوولا کوژران.

 
 
Fly Erbil Advertisment