بڵاوبوونەوەی پەتای وەرزی پرۆسەی خوێندنی لە سنە پەکخست
لە پارێزگای سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتای ئەنفلۆنزا سەرجەم قوتابخانە و زانکۆکانی پارێزگاکە داخران، هەر لەمبارەوە ناوەندی بەڕێوەبەرایەتی قەیرانەکانی پارێزگای سنە ڕایگەیاندووە، ئامانجیان لە داخستنی ناوەندەکانی خوێندن ڕێگرییە لە بڵابوونەوەی زیاتری پەتاکەیە، ئەمەش لە کاتێکدایە پێشبینی دەکرێت ئەم هەفتەیە شەپۆلێکی لێزمە باران ڕۆژهەڵاتی کوردستان بگرێتەوە و بەهۆیەوە لە چەند ناوچەیەک ببێتە لافاو .
ئەمڕۆ یەکشەممە 7ی کانوونی یەکەمی 2025، دووەم ڕۆژی داخرانی سەرجەم ناوەندکانی خوێندنە لە پارێزگای سنە، هەر لە باخچەی ساوایانەوە تاوەکوو زانکۆکانی گرتووەتەوە، بڕیاریشە داخرانەکە سبەی دووشەممەش بەردەوام بێت، کە بە گوێرەی ڕێنماییە تەندروستییەکان، پێشبینی دەکەن لەم ماوەیەدا سوری پەتاکە کۆتایی بێت و بتوانرێت کۆنترۆڵی بڵاوبوونەوەکەی بکەن.
شاهین مەهی، دانیشتووێکی شاری سنەیە و بۆچوونی لە بارەی ڕاگرتنی پرۆسەی خوێندن بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتای ئەنفلەوەنزا بە بڕیارێکی باش و کاریگەر نازانێت و دەڵێت: بە بڕوای من داخستنی ناوەندەکانی خوێندن، ئەو کاریگەرییەی نییە، ئەگەر بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا وەبیر خۆمان بهێنینەوە، لە چەند ساڵی ڕابردوو تەنیا بە بەستی دەمامک و خۆ پارێزی توانرا، دۆخەکە کۆنترۆڵ بکرێت، ئێستاش بە هەمان ڕێکار دەکرێت، کۆنترۆڵی بڵاوی پەتاکە بکرێت.
دەشڵێت: ئێستا ئەم ئەنفلەوەنزایەی هەیە، هێندە بە هێز و مەترسیدار نییە، کە بڕیار بدرێت هەر هەفتەیەک چەند ڕۆژێک بکرێتە پشوو بە پاساوی ئەوەی کۆنترۆڵکی نەخۆشی ئەنفلەوەنزا دەکرێت بۆ ئەوەی زیاتر بڵاو نەبێتەوە، چونکە ئەوەی هەیە، تەنیا پەتایەکی کاتی و وەرزییە.
بریاری داخرانی قوتابخانەکان هەر تایبەت بە سنە نییە و تاران و لانیکەم پێنج پارێزگای دیکەشی گرتووەتەوە. هەفتەی ڕابردووش زیاتر لە 20 پارێزگای ئێران دوو ڕۆژ بە هۆی پیسبوونی هەواوە ناوەندەکانی خوێندن داخرابوون.
پارێزگاری سنە وەک دیارییەک بۆ دایکانی فەرمانبەر بڕیاری داوە ئەو ئافرەتە فەرمانبەرانەی منداڵی قوتابییان هەیە، لەمەودوا هەر کات بە هەر هۆکارێک دەوامی قوتابخانەکان ڕابگیرێ، ئەوانیش دەتوانن لە ماڵەوە لای منداڵەکانیان بمێننەوە و نەچنە سەر کار.
بڕیاری ڕاگرتنی پرۆسەی خوێندن، ڕووبەڕووی ڕەخنە بەشێک لە توێژەکانی کۆمەڵگە بووەتەوە و سەردار محەممەدی، دانیشتووی سنە دەڵێت: بەردەوام بە هۆی گرفتەکانی بێکارەبایی، نەبوونی ئاو یان شەپۆلی سەرما و سۆڵە، پرۆسەی خوێندن ڕادەگیرێت یان پرۆسەی خوێندن دەکرێتە ئۆنلاین، پاساوەکانی هەموو حاڵەتەکان، پاساوی لۆژیک و گرنگ نین، ئێستاش بڕیاری ڕاگرتنی پرۆسەی خوێندن بەهۆی پەتای ئەنفلەوەنزاوە، بڕیارێکی دروست نییە، چونکە ڕێکار و ڕێنمایی خۆپارێزی هەن، بۆ پێشگرتن لە بڵاوبوونەوە پەتاکە.
سەرۆکی زانکۆی پزیشکیی سنە ئاشکرای کردووە لە حەفتەی ڕابردوودا 12 هەزار و 300 تووشبوو بە ئانفلۆنزا سەردانی بنکە تەندروستییەکانی پارێزگاکەیان کردوە و لەم ژمارەیەش 723 کەسیان لە نەخۆشخانەکان خەوێندراون، بەڵام تا ئێستا بڵاو بوونەوەی ئەم پەتایە گیانلەدەستدانی کەسی لێ نەکەوتووەتەوە.
هۆشداری کەشناسی و مانگی سوور لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان:
لە لایەکی دیکەوە کەشناسی ئێران پێشبینی دەکات لە ئەمڕۆ یەکشەممەوە، شەپۆلێکی لێزمە باران پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکرێتەوە و بەهۆیەوە لافاو چەند ناوچەیەک بگرێتەوە، بە گوێرەی پێشبینی سەرەتا شەپۆلەکە لە پارێزگای ورمێ دەستپێدەکات و دواتر، پارێزگاکانی سنە، کرماشان و ئیلام دەگرێتەوە و کاریگەرییەکانی شەپۆلەکە تاوەکوو چوارشەممە بەردەوام دەبێت.
پێشبینی دەکرێت لەم چەند ڕۆژەدا نزیکەی 250 ملم باران ببارێت و بەهۆیەوە لە چەند ناوچەیەک لافاو دروست بێت.
هەروەها محەممەدحوسێن کەبادی، لە ڕێکخراوی مانگی سووری ئێران هۆشداریداوە، مەترسی بەرزبوونەوەی ئاوی ڕووبارەکان و هەرەسهێنانی شاخ و بەرزاییەکان دەکرێت، بەهۆی لێزمە بارانە، بۆ داوا لە هاووڵاتییان دەکات، لەم چەند ڕۆژەدا بە وریایی و هۆشیارییەوە هاتوچۆ بکەن و لە ناوچە مەترسیدارەکان دوور بکەنەوە.
