هاوپەیمانیی نەسر: ئەم هەفتەیە پرسی سەرۆک وەزیران یەکلایی دەبێتەوە
هاوپەیمانیی نەسر ڕایدەگەیەنێت، لەم هەفتەیەدا چوارچێوەی هەماهەنگی پرسی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق یەکلایی دەکاتەوە.
سەلام زوبێدی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر لەو بارەیەوە ئاشکرای کردووە، چوارچێوەی هەماهەنگی پابەندە بە وادەی دەستووری و مەرجەکانی بڕیاردان لەسەر پۆستی سەرۆک وەزیران؛ ئەوان چاوەڕوانی پەسەندکردنی ناوی براوەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانن لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە، بۆ دەستپێکردنی ڕێکارە دەستوورییەکان و داواکردنی کۆبوونەوەی خولی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەران.
بە گوتەی زوبێدی، ئەم هەفتەیە چوارچێوەی هەماهەنگی کاندیدێک بۆ سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق دیاری دەکات و پرسەکە یەکلایی دەکاتەوە؛ پێویستە ئەو کەسایەتییە جێی ڕەزامەندیی لایەنی ناوخۆیی و هەرێمی بێت، هاوکات کەسایەتییەکی سیاسی و ئابووریی بەهێز بێت.
چوارچێوەی هەماهەنگی کە وەک ماڵی شیعەکان دەناسێنرێت و لە چەندان هێزی سیاسیی خاوەن کورسیی پەرلەمان پێکهاتووە، لە ئێستادا گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانییە و ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی هەیە لە دیاریکردنی پۆستی سەرۆک وەزیراندا.
ئەم هاوپەیمانییە لە دوایین پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەتدا توانی محەممەد شیاع سوودانی وەک سەرۆک وەزیران دیاری بکات.
بەگوێرەی نەریتی سیاسیی عێراق لە دوای ساڵی 2003ـەوە، پۆستی سەرۆک وەزیران پشکی پێکهاتەی شیعەیە و پێویستە هێزە سەرەکییەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر کاندیدەکە بگەنە سازان، بۆ ئەوەی لە پەرلەمان متمانەی پێ ببەخشرێت.
