بەرگریی شارستانیی دهۆک: ئامادەکاریی تەواومان بۆ لافاو کردووە

گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی دهۆک ڕایدەگەیەنێت، سەرجەم ئامادەکارییە پێویستەکانیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێکی دروستبوونی لافاو تەواو کردووە و تیمەکانیان لە ئامادەباشیدان.

بێوار عەبدولعەزیز، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی دهۆک بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکاندا هەڵمەتێکی فراوانیان بۆ پاککردنەوەی ئاوەڕۆ و مەنهۆڵەکان دەستپێکردووە تاوەکوو ڕێگری لە کۆبوونەوەی ئاو و دروستبوونی لافاو بکەن.

ناوبراو هاووڵاتییانی دڵنیا کردەوە شەپۆلی بارانبارینی ئەم چەند ڕۆژە مەترسی دروست ناکات، بەڵام داوای لێکردن ئەگەر کارێکی زۆر پێویستیان نەبێت، لە ماڵەکانیان مەهێنە دەرەوە بۆ ئەوەی دووچاری گرفت نەبن.

لە کۆتاییدا جەختی کردەوە لە کاتی دروستبوونی هەر حاڵەتێکی نەخوازراودا، هاووڵاتییان دەتوانن پەیوەندی بە ژمارە (115)ەوە بکەن و تیمەکانیان بەخێرایی بەدەم داواکارییەکەیانەوە دەچن.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتووی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، شەپۆلە بارانێک ڕووی لە ناوچەکە کردووە و سەرەتا لە پارێزگای دهۆک دەبارێت، دواتر بارانێکی سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل