لە سلێمانی و دەوروبەری مەترسیی لافاو هەیە
سەنتەری هەماهەنگیی هاوبەشی پارێزگای سلێمانی (P.JCC) ڕایگەیاند، لە ناوەندی شاری سلێمانی و دەوروبەری مەترسیی لافاو هەیە، بۆیە ژمارەیەکی هێلی گەرمی فریاگوزاریی کارا کرد.
سەنتەرەکە ئەمڕۆ دووشەممە 8ی کانوونی یەکەمی 2025، لەگەڵ ڕاگەیاندنی هۆشداری لە مەترسی لافاو ژمارەیەکی هێلی کەرمی فریاکەوتنی بڵاوکردووەتەوە و ڕایگەیاندووە، سەنتەری هەماهەنگیی هاوبەشی پارێزگای سلێمانی (P.JCC) هاووڵاتیان ئاگادار دەکاتەوە، لە ئەگەری هەر حاڵەتێکی نەخوازراو و دروستبوونی لافاو، ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ژمارە 100ـەوە بکەن.
بە گوێرەی پێشبینییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسی هەرێمی کوردستان، سبەی سێشەممە، 9ی کانوونی یەکەمی 2025، بۆ کاتەکانی نیوەڕۆ کاریگەریی ئەم شەپۆلە بارانەی سەرتاسەری هەرێمی گرتووەتەوە لە ناوچەکانی گەرمیان و پارێزگای سلێمانی و دەڤەری باڵەکایەتی و پارێزگای هەولێر زیاتر دەبێت، ئەگەری بروسکە لەناوچەکانی گەرمیان و پارێزگای کەرکووک هەیە، ئەگەری بەفربارانیش لەناوچە شاخاوییە سنوورییە بەرزەکان هەیە.
