ئاوارە گەڕاوەکانی سووریا: ئێرە خاکی خۆمانە، داهاتوو هی ئێمەیە
شەڕی ناوخۆی سووریا کە لە ساڵی 2011 وە دەستی پێ کرد، بووە هۆی کوژرانی هەزاران کەس و ملیۆنانی دیکەش ئاوارەی ناوخۆ و وڵاتانی دەرەوە بوون، ئێستا پاش ساڵێک لە ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، زۆرێک لە ئاوارەکان گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان.
موهەند، پاش حەوت ساڵ ئاوارەیی لە تورکیا، لەگەڵ ژن و حەوت منداڵەکەیدا گەڕاوەتەوە ئیدلب، دەڵێت: منداڵەکانم ئێستا تورکییەکی ڕەوان فێر بوونە، لێرە دەچنە قوتابخانەی حکوومەتی، بەڵام هێشتا ناتوانن بە عەرەبی بنووسن و بخوێننەوە.
موهەند، پێشتر ئاشپەز بووە و دەستێکی لەشەڕی ناوخۆییدا پەڕیوە، لەگەڵ براکەیدا دوکانی شیرینییان لە ئیدلب کردووەتەوە.
ئەو، گلەیی لە قەیرانی نیشتەجێبوون و گرانیی تێچووی پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان دەکات و دەڵێت: کرێی مانگانەی خانوویەکی تا ڕادەیەک گونجاو، لە نێوان 300 بۆ 500 دۆلارە؛ بۆ ئەم خانووەی ئێمەی تێدا دەژین، سەرباری کۆنی و خراپییەکەی، مانگانە 120 دۆلار کرێ دەدەم. ئەوەش بۆ من بڕە پارەیەکی زۆرە.
موهەند، جەختی لەوە دەکاتەوە "لێرە خزمەتگوزارییەکان یەکجار کەم و خراپن، ئاو لە بیرەکان دەکڕین و ڕۆژانە تەنیا دوو تا سێ سەعات کارەبامان هەیە. لێرە بۆ ئەو هەموو خەڵکە، تەنیا یەک بنکەی تەندروستی هەیە؛ ئەویش بە دەست کەمیی دەرمان و پیداویستییەکانەوە گیرۆدەیە. ماوەیەک پێش ئێستا کچەکەم نەخۆش کەوت، ناچار بووم بیبەمە نەخۆشخانەی ئەهلی لەوێش بۆ یەک شەو مانەوە، پەنجا دۆلاریان لێم وەرگرت."
موهەند، لە گەڕانەوە بۆ سووریا پەشیمان نییە و دەڵێت: گەڕانەوە بۆ نیشتمان هەستێکە وەسف ناکرێت. کاتێک لە تورکیا بووم، دەترسام دوور لە وڵاتەکەم بمرم؛ بەڵام ئێستا پێکەوە لەگەڵ خێزانەکەمدا لێرەین، لەسەر خاکی وڵاتی خۆمانداین.
ئێرە وڵاتی منە
مەیسا، پاش 11 ساڵ ئاوارەیی لە تورکیا گەڕاوەتەوە دیمەشق و ئێستا وەک مامۆستای کاری دەستی لە یەکێک لە قوتابخانەکاندا کار دەکات و هاوسەرەکەی دوکانێکی بچووکی وردەواڵەفرۆشی هەیە.
مەیسا دەڵێت: دەبێت لە سفرەوە دەست پێ بکەینەوە. ئێستا خۆم و هاوسەر و سێ منداڵەکەم، لەگەڵ ماڵی خەزوورمدا کە 12 کەسین، پێکەوە لە یەک ماڵدا دەژین. گوزەرانمان یەکجار سەختە، کرێی خانوو و نرخی خۆراک و جلوبەرگ یەکجار گرانە.
ئەو لەسەر قسەکانی دەڕوات و دەڵێت: ڕۆژانە شەش سەعات کارەبامان هەیە. هەفتەی تەنیا چەند کاتژمێرێک ئاو هەیە. بەڵام هێشتا ئێرەمان بەلاوە باشترە. چونکە هەست بە ئازادی دەکەم و هیوام زۆرە لە داهاتوودا سووریا پێش دەکەوێت. سوورییەکان خاوەن توانا و بەهرەی زۆرن. منیش سەر بەم کۆمەڵگەیەم، خەڵکی ئەم وڵاتەم، ئازادم و چیتر هەست بە ترس ناکەم.
بەڵام فەرەح، کە کچێکی تەمەن 18 ساڵە و لە تەمەنی نۆ ساڵیدا ئاوارەی تورکیا بووە، بە شێوەیەکی تەواو جیاواز بیر دەکاتەوە؛ ئەو دەڵێت: خۆزگە نەدەگەڕاینەوە، چونکە من لە بیرم نایەت سووریا پێشتر چۆن بووە؟ تورکیا خۆشتر بوو، ژیانی ئێرە بۆ من سەختە.
قەیرانی سەخت و هیوای زۆر
بە گوێرەی زانیارییەکانی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ، نزیکەی 16 ملیۆن کەس لە سووریا پێویستیان بە هاوکاریی مرۆیی هەیە و زیاتر لە شەش ملیۆنیش هێشتا ئاوارەی ناوخۆیین.
هەڵاوسان و گرانیی ڕۆژ بە ڕۆژ لە سووریا زیاتر دەبن. خزمەتگوزارییە گشتییەکان زۆر لە پێداویستیی خەڵک کەمترن. سەرجەم پارێزگاکانی سووریا بە کێشەی کەمیی کارەبایان هەیە.
قەیرانی نیشتەجێ بوون و کەمیی خانوو، بە تایبەت لە ناوچە گوندنشینەکانی حەڵەب و حمس و دیمەشق، هەیە. نزیکەی %90 خانووی ئاوارەکان پێویستییان بە چاککردنەوە، یان سەرلەنوێ بنیاتنانەوە هەیە، چونکە لەکاتی شەڕدا وێران بوون.
نوێنەرایەتیی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ لە سووریا، ئاماژە بەوەش دەکات "کۆچی کادرە شارەزا و تواناکانی وڵات، بووتە هۆی دابەزینی ئاستی کوالیتیی خزمەتگوزارییەکان لە کەرتە هەستیارەکانی وەک تەندروستی و پەروەردە. سەرباری ئەو هەموو قەیران و گرفتانە، ئاوارە گەڕاوەکانی سووریا بە چاوی هیواوە دەڕواننە پاشەڕۆژی وڵاتەکەیان و دڵنیان لەوەی دەتوانن لە داهاتوودا ژیانێکی ئارام و خۆش بۆ خۆیان و داهاتوویەکی گەش بۆ منداڵەکانیان دابین بکەن."
