بەهۆی شەڕەوە زیاتر لە 100 هەزار کەمبۆدی ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە
ئەمڕۆ چوارشەممە، 10ـی کانوونی یەکەمی 2025، وەزارتی بەرگری کەمبۆدیا ڕایگەیاند، بەهۆی دەستپێکردنەوەی شەڕ و پێکدادانی نێوان کەمبۆدیا و تایلاند، زیاتر لە 100 هەزار کەمبۆدی ناوچە سنووریەکانیان چۆڵکرد.
مالی سۆچیاتا، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری کەمبۆدیا لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "20 هەزار و 105 خێزان کە دەکاتە 101 هەزار و 229 کەس، لە ناوچە سنووریەکانی نێوان هەردوو وڵات گواستراونەتەوە بۆ کەمپی پێنج پارێزگا."
هاوکات گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری تایلەند لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: زیاتر لە 400 هەزار تایلاندی لە ناوچە سنووریەکان گوازراونەتەوە بۆ پەناگەکان. ئاماژەی بەوەشکرد، "هاووڵاتیانی مەدەنی لەبەر سەلامەتی خۆیان ناچار بوون ئەم ناوچانە چۆڵ بکەن."
لە ئێوارەی یەکشەممەی ڕابردووەوە شەڕی تایلاند و کەمبۆدیا دەستیپێکردووەتەوە، کە هەردوولا یەکتر بەهێرشکردن تۆماتبار دەکەن، کەمتر لە دوو مانگە هەردوولا ڕێککەوتنی ئاگربەستیان بە ناوبژیوانی سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترەمپ کرد.
تایلاند و کەمبۆدیا ماوەیەکی زۆرە ناکۆکییان لەسەر دیاریکردنی بەشێک لە سنوورە 800 کیلۆمەتریەکەیان هەیە کە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی داگیرکاری فەڕەنسا.
