بەفر ڕۆژهەڵاتی کوردستانی سپی پۆش کرد

بەفربارینی شنۆ
بەفربارینی شنۆ

یەکەم بەفری پاییزی پارێزگای ورمێی و سنە و ژمارەیەک لە شارەکانی دیکەی سپی پۆش کرد و پێشبینی بارینی بەفرێکی چڕ سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و چەند پارێزگایەکی ئێرانیش بگرێتەوە.

کەشناسیی ئێران پێشبینیی دەکات، لە ئەمڕۆ چوارشەممەوە 10ی کانوومی یەکەمی 2025، لە سەرجەم پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان 16 پارێزگای ئێران بەفرێکی چڕ ببارێت. کاریگەریی شەپۆلەکە تا ئێوارەی هەینی بەردەوام دەبێت و لە شەممەی سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە، شەپۆلێکی دیکەی بەفر و باران ناوچەکە بگرێتەوە.

لە بەرە بەیانیی دوێنێ سێشەممەوە، بەفربارین لە ناوچە شاخاوییەکانی باکووری پارێزگای ورمێوە دەستیپێکرد و تا نیوەڕۆ ناوەندی شارەکانی ورمێ، شنۆ و سەردەشت، پیرانشار، مەهاباد و سەدان گوندی لە باکوور و باشووری پارێزگاکە گرتەوە. لە دوای هاوین و پاییزێکی وشک و بێ باران، خەڵکی ناوچەکە بە بارینی ئەم بەفرە خۆشحاڵن .

کەماڵ نازر، دانیشتووی شاری شنۆ دەڵێت: دوای چەند ساڵێک لە وشکەساڵی، بەم بەفر بارینەی پایزی دڵخۆشین، ئەمە بەزەیی خوایە و ئێمەش شوکرانە بژێرین، سەرەتا بارانێکی بە ڕەحمەتی باراند و بەدوایدا ئێستا ئەم بەفرەی بۆ ناردین.

دیمەنی بەفربارینی لە ناو بازاڕی شنۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

یەکەم بەفری پاییزی لە پارێزگای ورمێ ئەمساڵ 40 ڕۆژ درەنگتر بەراورد بە یەکەم بەفری ساڵی ڕابردوو باری و پاییزەکەش وشک و بێ باران بوو. 

هاوینی و پاییزی ئەمساڵ زۆربەی کانی و ڕووبار و چەم و دەریاچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وشکبوون و ئاستی ئاوی ژێر زەوییش بە ڕێژەیەکی پێشبینی نەکراو دابەزی. 

بەفر کە بە سەرچاوەیەکی سەرەکی پڕ ئاوکردنەوەی کۆگاکانی ناخی زەوی هەژمار دەکرێن، کاریگەرییەکی زۆری بۆ ژیانەوەی کانیاوەکان و بووژانەوەی ئاوی ژێر زەوی هەیە. 

دانیشتووێکی دیکەیت شنۆ، بە ناوی سەلیم ئەسکەندەر دەڵێت: بە دڵنیاییەوە بەردەوامبوونی بەفر و باران سوودێکی زۆری دەبێت، چونکە کانیاو و ڕووبار و چەمەکان هەموویان دەژێنەوە و سروشتە جوانەکەی کوردستان بە گشتی دەبووژێتەوە. 

هەروەها خالق دانا دەڵێت: بەهۆی ئەو وشکەساڵیەی چەند ساڵی ڕابردوو، بیر و چەمەکان هەموویان وشکیان کردبوو، بەڵام ئومێد دەکەین بەم باران و بەفرەی ئێستا دەبارێت، بیر و چەمەکان ببووژێنەوە.

شەپۆلی بەفربارینەکە، هەر بە تەنیا سنووری پارێزگای ورمێی نەگرتووەتەوە، بەڵکو پارێزگای سنە و نێوان شارەکانی بانە، سەقز، مەریوان و سەوڵاواشی گرتەوە. 

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل