کابینەی نۆیەم چۆن هەولێری لە لافاو پاراست؟
پۆند و بەنداوە دروستکراوەکان لە ماوەی ڕابردوودا، بوونەتە هۆی کەمکردنەوەی مەترسیی دروستبوونی لافاو لە شاری هەولێر.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەندان پڕۆژەی ستراتیجی و گرنگی بۆ پاراستن و کۆکردنەوەی ئاو جێبەجێ کردووە. دروستکردنی پۆند و بەنداو بەشێکن لە بەرنامەی کابینەی نۆیەم بۆ باشتر سوودوەرگرتن لە ئاوی سەرزەوی و پاراستنی ئاوی ژێرزەوی.
لەم چوارچێوەیەدا و لە سنووری پارێزگای هەولێر، 7 پۆند بە مەبەستی بەرگرتن لە لافاو و پاراستنی سامانی ئاو تەواو کراون. هاوکات، زیاتر لە 30 پۆندی دیکە لە قۆناغی جێبەجێکردندان و توانای گلدانەوەی ئاویان دەبێت، ئەمەش مەترسییەکانی لافاو کەم دەکاتەوە.
هونەر عومەر، بەڕێوەبەری پلاندانان لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاودێریی هەولێر، بە کوردستان 24ـی ڕآگەیاند، "بۆ بەرگرتن لە لافاو، جگە لە دروستکردنی پۆند، چەندان پڕۆژەی دیکەش ئەنجام دراون، وەک خاوێنکردنەوەی سەرجەم ڕێڕەوە سروشتییەکانی ئاو لە هەولێر."
جگە لە دروستکردنی پۆند، لایەنە پەیوەندیدارەکان بەردەوامن لە هەڵمەتەکانی خاوێنکردنەوەی تۆڕەکانی ئاوەڕۆ و کەندە سروشتییەکان بۆ ئامادەکاری پێشوەختە بۆ وەرزی بارانبارین. ئەم هەنگاوانە پێکەوە سیستەمێکی یەکگرتوو پێکدەهێنن بۆ پاراستنی هەولێر لە مەترسییەکانی لافاو و هاوکات بووژاندنەوەی کەرتی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و زیادکردنی ئاوی ژێرزەوی.
ئەمە لە کاتێکدایە، چەند ڕۆژێکە شەپۆلێکی بەخوڕی باران شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و پێشبینی دەکرێت تا ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، 10ـی کانوونی یەکەمی 2025، بەردەوام بێت. بەهۆی بارانەکەوە، لافاو لە سنووری چەمچەماڵ و کەرکووک ڕوویدا و بەهۆیەوە سێ کەس گیانیان لە دەستدا.
