دامەزراوەی 'کوردستان فاوندەیشن' کۆمەک بۆ لافاولێدراوانی چەمچەماڵ کۆدەکاتەوە
دامەزراوەی ‘کوردستان فاوندەیشن’ هەڵمەتێکی بەهاناوەچوونی بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ ڕاگەیاند.
چوارشەممە، 10ـی کانوونی یەکەمی 2025، دامەزراوەی ‘کوردستان فاوندەیشن’ هەڵمەتێکی بەهاناوەچوون و کۆمەککردنی بۆ ئەو هاووڵاتییانە ڕاگەیاند کە بەهۆی لافاوەکەی ڕۆژی سێشەممە، 09ـی کانوونی یەکەم، لە سنووری قەزای چەمچەماڵ زیانیان بەرکەوتووە.
د. یارا بەرزنجی، بەڕێوەبەری پڕۆگرام و هاوبەشییەکان لە دامەزراوەکە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەم هەڵمەتە لەسەر ڕاسپاردەی ئارین بارزانی، دامەزرێنەری دامەزراوەی ‘کوردستان فاوندەیشن’، دەستپێکراوە. ئامانج لەم هەڵمەتە "بەهاناوەچوونی خێرای زیانلێکەوتووان و دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانە بۆیان."
بە گوتەی د. یارا، تیمەکانی دامەزراوەکە لە بەیانیی ئەمڕۆوە گەیشتوونەتە قەزای چەمچەماڵ و شانبەشانی هێزە ناوخۆییەکان دەستیان بە کارکردن کردووە بۆ هەڵسەنگاندنی زیانەکان و گەیاندنی هاوکاری بەپەلە بەو خێزانانەی کە پێویستیان پێیەتی.
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، "لەمڕۆوە تیمەکانمان خەریکی دانانی خێمەن بۆ ئەو خێزانانەی کە ماڵەکانیان زیانی بەرکەوتووە، کە هاوکاری زیاتر لە 500 خێزانی زیانلێکەوتوو دەکات بۆ دابینکردنی کەلوپەلی پێویست."
بەرپرسەکەی دامەزراوەی ‘کوردستان فاوندەیشن’ جەختی لەوە کردەوە، وەک گەنجانی کوردستان، بەپێی توانا ئامادەن بە هەموو جۆرێک هاوکاربن و ئەم کارە نەک تەنها بە ئەرک، بەڵکوو بە بەرپرسیارێتی نیشتیمانی دەزانن.
لافاوەکەی ڕۆژی سێشەممە، 9ی کانوونی یەکەمی 2025، زیانێکی گەورەی بە چەندین ناوچەی هەرێمی کوردستان گەیاند، بەتایبەتی لە قەزای چەمچەماڵ کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی دوو هاووڵاتی و زیانی ماددی بەرچاو.
دامەزراوەی ‘کوردستان فاوندەیشن’ داوا لە هاووڵاتییان و خێرخوازان دەکات کە لە ڕێگەی پلاتفۆرمی "Volunteer.krd" ناوی خۆیان تۆمار بکەن بۆ بەشداریکردن لە هەڵمەتەکەدا. خێمەی هاوکارییەکانیش لە کاتژمێر 12ی نیوەڕۆوە لە تەنیشت بنکەی پۆلیسی چەمچەماڵ دادەنرێت بۆ کۆکردنەوە و دابەشکردنی یارمەتییەکان.
