وەزیرێکی ئیسرائیل: شەڕ لەگەڵ سووریا حەتمییە
گوتنەوەی درووشمی سەرکەوتن بۆ غەززە لەلایەن سەربازانی سوپای سووریا، نیگەرانی بەرپرسانی ئیسرائیلی لێکەوتەوە، وەزیری کاروباری ڕەوەندی ئەو وڵاتەش جەخت دەکاتەوە، شەڕ لەنێوان تەلئەڤیڤ و دیمەشق کارێکی حەتمییە.
ئەمیچای چیکلی، وەزیری کاروباری ڕەوەندی ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی، شەڕ لەگەڵ سووریا حەتمییە.
وەزیری کاروباری ڕەوەندی ئیسرائیل لە پەڕەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس دیمەنی ئەو سەربازانەی سووریای بڵاوکردووەتەوە، کە لە یەکەم ساڵیادی کەوتنی ڕژێمەکەی ئەساد لە نمایشێکدا درووشمیان بۆسەرکەوتنی کەرتی غەززە دەگوتەوە و سەرکۆنەی هێرشی ئیسرائیل بۆسەر ئەو کەرتەیان دەکرد.
وەزیرەکەی ئیسرائیل لەگەڵ بڵاوکردنەوەی دیمەنی سەربازانی سووریا نووسیویەتی، شەڕ لەگەڵ سووریا حەتمییە.
دوێنێ سێشەممە 9ی کانوونی دووەمی 2025 تەلەڤزیۆنی فەرمی سووریا بڵاویکردەوە، کاروانێکی سەربازی سوپای ئیسرائیل لە ناوچەی خان ئەرنەبە لە دەوروبەری قونەیتەرە، تەقەیان لە هاووڵاتییان کردووە و بەوهۆیەوە 3 کەس برینداربوون.
لەبەرامبەریشدا، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئەو کەسانەی سوپا تەقەی لێکردوون، کەسانی گومان لێکراوبوون و هەوڵیانداوە لە هێزەکانمان نزیکببنەوە و بوونەتە هەڕەشە بۆسەر سەربازانمان.
لە دوای کەوتنی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە 8ی کانوونی دووەمی 2024، سوپای ئیسرائیل چەند ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانی لەنێو خاکی سووریا ئەنجامداوە و چەند ناوچەیەکی نزیک لە سنووری وڵاتەکەی لەنێو خاکی سووریا کۆنترۆڵکردووە.
هەرچەندە دەسەڵاتدارانی سووریا داوا دەکەن، ئیسرائیل لەنێو خاکی سووریا بچێتەدەرەوە و پابەندی ڕێککەوتننامەی ساڵی 1974ی تایبەت بە سنووری نێوان هەردوو وڵات بێت، بەڵام بەرپرسانی ئیسرائیل ڕەتیدەکەنەوە و جەخت دەکەنەوە، لەپێناو پاراستنی خاکی وڵاتەکەیان و بەرگریکردن لە خۆیان ئامادەنین لەو ناوچانە بکشێنەوە.
