لاڤرۆڤ: وڵاتانی ئەورووپا ئاستەنگ بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا دروست دەکەن

سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا

سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا  ڕایگەیاند، وڵاتانی ئەورووپا بە هەموو ڕێگەیەک هەوڵی دروستکردنی ئاستەنگ لەبەردەم هەوڵە دپلۆماسییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا دەدەن و هانی ڤۆلۆدیمێر زیلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا دەدەن، لە شەڕکردن بەردەوامبێت.

وەزیری دەرەوەی ڕووسیا گوتیشی، ئەورووپا بە ئەنقەست هەوڵ بۆ لەنێوبردنی پرۆسەی چارەسەرکردنی جەنگی ئۆکرانیا دەدات، هەروەها سەرەڕای نەبوونی پارەی پێویست بۆ هاوکاریکردنی ئۆکرانیا، بەڵام هانی سەرۆکی ئەو وڵاتە دەدەن، کە لە شەڕکردن دژی ڕووسیا بەردەوام بێت.

سەبارەت بە ڕوودانی جەنگ لەنێوان ڕووسیا و وڵاتانی ئەورووپا، کە زۆرجار سەرکردە ئەورووپییەکان باسی لێوەدەکەن، لاڤرۆڤ ئاماژەی بەوەدا، مۆسکۆ نیازی بەرپاکردنی جەنگی لەگەڵ ئەورووپا نییە.

دەربارەی ئەو هەواڵانەی باس لەوە دەکەن، کە گوایە وڵاتانی ئەورووپا بڕیارە لە چەند هەفتەی داهاتوودا بڕیار لەبارەی بلۆککردنی پارەکانی ڕووسیا لە وڵاتەکانیان بدەن ،یاخود هێزی سەربازی لە ئۆکرانیا بڵاوەپێبکەن، لاڤرۆڤ گوتی، وەڵاممان بۆ  هەر هەوڵێک بۆ بلۆککردنی پارەکانی ڕووسیا یاخود بڵاوەپێکردنی هێزی سەربازی وڵاتانی ئەورووپا لەسەر خاکی ئۆکرانیا دەبێت.

وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ئاماژەی بەوەشکرد، دۆناڵد ترەمپ، تاکە سەرکردەیە لە هۆکارەکانی سەرهەڵدانی جەنگ لە ئۆکرانیا تێدەگات، هەروەها ویستی ترەمپ بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی چارەسەرکردنی جەنگی ئۆکرانیا بەرزدەنرخێنین.

دوێنێ سێشەممە ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا، هەڵسوکەوتی وڵاتانی ئەورووپای بە هەڕەشە بۆسەر ئاسایشی وڵاتەکەی لە قەڵەمدا و گوتیشی، هەڵسوکەوتی ناتۆ و وڵاتانی ئەورووپا هەڕەشەیە بۆسەر ڕووسیا و پابەندین بە وەڵامدانەوەیان.

هەروەها ڕایگەیاندبوو،ئەو دەنگۆیانەی باس لە نیازی ڕووسیا بۆ هێرشکردنە سەر ئەورووپا دەکەن، یان ئامانجیانە ڕووسیا ئیستیفزاز بکەن یاخود لە لاوازییانە و ئێمە پارێزگاری لە بەرژەوەندییەکانمان دەکەین و هێرش ناکەینە سەر هیچ وڵاتێک.

لەبارەی پەیوەندییەکانی ئێستای واشنتن و مۆسکۆ، پوتن گوتبووی، ئیدارەی ئێستای ئەمەریکا گوێ لە ڕووسیا و نیگەرانییەکانی دەگرێت.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل