هاتوچۆی ماوەت: بە پردی مەوکەبە هاتوچۆ مەکەن
بەشی هاتوچۆی قەزای ماوەت هاووڵاتیان ئاگادار دەکاتەوە، کە بەهۆی ئاوی بارانەوە پردی مەوکەبە ژێر ئاو کەوتووە و بە کەلکی هاتوچۆ نایەت.
کۆپییەکی ئاگادارییەکەی هاتوچۆی ماوەت کە بە دەستی ماڵپەڕی کوردستان24 گەیشتووە، تیایدا هاتووە " ئاگاداری سەرجەم هاوڵاتیان و دانیشتوانی سنووری قەزای ماوەت دەکەینەوە، کە ئێستا پردی مەوکەبە کەوتووەتە ژێر ئاو و بۆ پەڕینەوە گونجاو نییە.
هۆشدارییەکەی هاتوچۆی ماوەت لە پێناو سەلامەتی و گیانی شۆفێران و ڕێبوارانی ناوچەکە، هەروەها ئاگاداری هاووڵاتیان دەکاتەوە، کە لە بری پردی مەوکەبە، شۆفێران و ڕێبواران دەتوانن لە قەیوانەوە بچن بۆ کونەماسی و لەوێوە بۆ سورە قەڵات و ماوەت هاتوچۆ بکەن.
بە گوێرەی ئامارەکانی بەڕێوبەرایەتی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، لە 24 کاتژمێری ڕابردوو 112.1 ملم باران لە سنووری قەزای ماوەت باریوە و بەهۆی بەرزنووەی ئاستی ئاوی ڕووبارەکان و تێکەڵبوونیان لەگەڵ ڕێژگەی ئاوی بارانی شاخەکان، بەشێکی ڕێگەی گوند و ئاواییەکان، بە تایبەت لە ناوچە شاخاوییەکان ژێر ئاو کەوتوون و بۆ هاتوچۆ مەترسیدارن.
هەروەها تیمەکانی فریاگوزاری و شارەوانی ماوەت چاوەڕانی ئاساییبوونەوەی دۆخی کەشوهەوا دەکەن بۆ ئەوەی بەردەوام بن لە پاککردنەوە و کردنەوەی ڕێگە سەرەکییەکانی نێوان ماوەت و گوند و ئاواییەکان، بۆ ئەوەی هاتوچۆ ئاسایی ببێتەوە.
