دەسەڵاتدارانی ئۆکرانیا وەڵامی پلانەکەی ئەمەریکایان دایەوە
دوای تێپەڕبوونی 19 ڕۆژ لە ڕاگەیاندنی پلانەکەی دۆناڵد ترەمپ، بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا، بەرپرسانی کێیڤ وەڵامی خۆیان لەبارەی پلانەکەی ترەمپ پێشکەش بە بەرپرسانی واشنتن کرد ، ئاژانسی هەواڵی بلۆمبێرگیش ئاماژەی بەوەداوە، ئەورووپاییەکان کار لەسەر ئامادەکردنی سێ ڕەشنووسی تایبەت بە کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا دەکەن.
پێگەی ئەکسیۆس لە زاری سەرچاوەیەکی تایبەت بڵاویکردووەتەوە، ئۆکرانیا وەڵامی پلانەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکای لەبارەی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئەو وڵاتە لەگەڵ ڕووسیا داوەتەوە و وەڵامەکەش ڕادەستی بەرپرسانی ئەو وڵاتە کراوە.
سەرچاوەکە جەختی لەوە کردووەتەوە، دوێنێ بەرپرسانی ئۆکرانیا وەڵامی خۆیان لەبارەی پلانەکەی ترەمپ بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیایان پێشكەش بە بەرپرسانی واشنتن کردووە.
لەلایەکی دیکەوە، ئاژانسی هەواڵی بلۆمبێرگ بڵاویکردووەتەوە، بەرپرسانی ئەورووپا کار لەسەر ئامادەکردنی سێ ڕەشنووس دەکەن، کە یەکەمیان دیدگای ئەورووپا لەبارەی کۆتاییهێنان بە جەنگەکە دیاری دەکات، دووەمیان تایبەتە بە گرێنتی ئەمنی بۆ ئۆکرانیا و سێیەمیان تایبەتە بە بوونیادنانەوەی ئەو وڵاتە .
دوێنێ چوارشەممە 10ی کانوونی دووەمی 2025 ڤۆلۆدیمێر زیلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاندبوو، لەسەر خاڵە سەرەکییەکانی تایبەت بە پلانی بوونیادنانەوە گەیشتوونەتە رێککەوتن، بۆ ئەم مەبەستەش لەگەڵ وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا گفتوگۆی کردووە.
لە 21ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ دۆناڵد ترەمپ پلانێکی 28 خاڵی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا ڕاگەیاند، لە یەکێک لە خاڵەکاندا هاتووە دەبێت ئۆکرانیا لە ناوچەکانی دۆنێتسک و لۆهانسک بەتەواوی بکشێتەوە و وەکو خاکی ڕووسیا بیانناسێنێت، ئەمەش یەکێکە لەو خاڵانەی ناکۆکی لەنێوان ئەمەریکا لەگەڵ ئۆکرانیا و وڵاتانی ئەورووپا دروستکردووە، لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا، سەرۆکی ئۆکرانیا لەبارەی داننان بە هەردوو ناوچەکە وەکو خاکی ڕووسیا ڕایگەیاندبوو، ئامادەنین دەستبەرداری بستێک خاکی ئۆکرانیا بن.
