بەرگریی ئاسمانیی ڕووسیا: 31 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانیامان لە ئاسمانی مۆسکۆ خستە خوارەوە
سەرۆکی شارەوانی مۆسکۆ ڕایگەیاند، 31 درۆنی ئۆکرانییان خستووەتە خوارەوە کە بەرەو شارەکە دەهاتن، هاوکات ئۆکرانیاش تێکشکاندنی 50 درۆنی ڕووسی لە ئاسمانی وڵاتەکەی ڕاگەیاند.
پێنجشەممە 11ی کانوونی یەکەمی 2025، سێرگی سۆبیانین، سەرۆکی شارەوانی مۆسکۆ ڕایگەیاند، 31 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانییان خستووەتە خوارەوە کە بەرەو مۆسکۆی پایتەختی ڕووسیا دەڕۆیشتن.
سۆبیانین لە کەناڵی تایبەتی خۆی لە "ماکس" نووسیویەتی"هێزەکانی بەرگریی ئاسمانیی سەر بە وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا، فڕۆکەیەکی دیکەی بێفڕۆکەوانیان تێکشکاند کە بەرەو مۆسکۆ دەهات"، پێشتریش ئاماژەی بەوە کردبوو کە بەرگرییە ئاسمانییەکان 30 درۆنیان خستووەتە خوارەوە.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی بەرگریی ئاسمانیی ڕووسیا، 287 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی یئۆکرانییان خستووەتە خوارەوە کە 31یان بەرەو مۆسکۆ ئاراستە کرابوون.
لە لایەکی دیکەوە، هێزی بەرگریی ئاسمانیی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، 50 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ڕووسییان لە کۆی 80 فڕۆکە خستووەتە خوارەوە کە بەرەو خاکی ئۆکرانیا ئاراستە کرابوون.
ئاژانسی فەرمی ئۆکرانیا، (ئۆکریفۆرم) ڕایگەیاند، هێزەکانی ڕووسیا هێرشیان کردە سەر چەند ناوچەیەکی ئۆکرانیا و هێزی بەرگریی ئاسمانیی توانی 50 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی وڵات بخاتە خوارەوە.
لە دەستپێکی جەنگی نێوانیان لە 2022ەوە تا ئێستا، هەر یەک لە ڕووسیا و ئۆکرانیا بەردەوام ڕاپۆڕتی خستنە خوارەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەخەنە ڕوو، بەڵام هیچ بەدواداچوونێک بۆ ڕاستی و دروستی ئەو ڕاپۆرتانە نەکراوە.
